حەرەکەت و بەرەکەتەکەی ئەڵمانیا

 
هەرچەندە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ناتۆ و رووسیا ئەوروپای هەژاندبوو، بەڵام بۆ ئەڵمانەکان هیچی نەگۆڕی لەوەی پلانیان بۆ داناوە. ئەمە لە قسەکانی چەند رۆژی رابردووی ئۆلاف شۆڵتزی راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشنیش دەرکەوت، کە گوتی وڵاتەکەی بڕیاریداوە لەڕووی بەرگرییەوە خۆی تەواو گورج و گۆڵ بکاتەوە، بەڵام ئەوەی شۆڵتز باسی نەکرد ئەو دووڕییانەیە کە خۆی و هاوپەیمانەکانی لە حوکمڕانیدا بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگری تێی کەوتوون. ئێستا لەئەڵمانیا پرسیاری سەرەکیی خەڵک ئەوەیە کە دەکرێ خۆشگوزەرانیی خەڵک بکرێتە قوربانیی بەهێزکردنی بەرگری؟
 
بە درێژایی ئەو ساڵانەی رووماڵی رووداوەکانی ئەڵمانیام کردووە وەکو ئەم ساڵ گوێم لێنەبووە بەرپرسان باسی پڕچەککردن و مەشقکردن و بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان بکەن. وەک هاووڵاتییەکی ئەڵمانیاش، کە تەواوبوونی شەڕی سارد و یەکگرتنەوەی دوو ئەڵمانیام بینیوە و ساڵەهایە بە ستایلە نوێیە دوور لە شەڕەکەی ئەڵمانیا راهاتووم، ئەم دۆخە نوێیەی بۆنی جەنگی لێدێ کاتی پێویستە تا لەسەری رابێم. ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانیی دووەم و نەمانی هیتلەر وا دیزاین کرایەوە کە قەت توانای بەرگریی وای نەبێت کە ببێتەوە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک لە جیهاندا. رووخانی دیواری بەرلین و رووخانی سۆڤیەت و پەیدابوونی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ رووسیای نوێش وایکرد کە ئەڵمانیا هێندەی دیکە، بایەخدان بە بواری بەرگری کەم بکاتەوە.
 
دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، کە ئەم هەفتەیە یادی دوو ساڵەی دەستپێکردنی دەکەینەوە، بۆ ئەوروپییەکان و بەتایبەتیش ئەڵمانیا وەکو زەنگێکی بەهێز بوو کە لە خەوێکی قووڵی زستانە هۆشیاریان بکاتەوە. زەنگەکە هێندە بەهێز بوو و ترسەکە هێندە گەورە بوو کە بەخێرایی لە ئەڵمانیا کۆدەنگی دروست بوو لەسەر دابینکردنی بودجەیەکی تایبەتی 100 ملیار یۆرۆیی، بۆ بەهێزکردنەوەی سەربازیی ئەڵمانیا و بەرهەمهێنانی تەقەمەنیی زۆرتر و کڕینی سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو و گران.

 

واتە پێش ئەوەی ترەمپ هەڕەشە لە ئەوروپییەکان بکات، سەبارەت بە دابینکردنی 2%ـی بودجە بۆ بواری بەرگری، ئەڵمانیا ئەو هەنگاوەی هاویشتووە. بەڵام دەرکەوتووە هێشتا ئەمەش بەش ناکات و وەک لە کوردەواریدا دەڵێن، هەویرەکە ئاوی زۆرتری دەوێت! 

 

بۆیە ئۆلاف شۆڵتز لە رۆژانی رابردوودا شتێکی نوێی فڕێدایە نێو ئەو گەنگەشەیەی لەنێوەندە سیاسی و ئابووری و بەرگرییەکانی نێوخۆی ئەڵمانیادا هەیە. ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر بودجە تایبەتە 100 ملیارییەکە بەشی نەکرد، لە بودجەی گشتیی وڵات بودجەی دیکە تەرخاندەکرێت بۆ بواری بەرگری. 
 
تۆ بڵێی ئەو بودجەیە چەند بێ کە شۆڵتز باسیدەکات؟ رەنگە وا بیربکەینەوە کە 10 تاوەکو15 ملیارێک زیاتر بێ لە 100 ملیارەکە! بەڵام وانییە. ئێڤا هیوگل، پەرلەمانتارێکی سەر بە پارتەکەی شۆڵتزە و ئەندامی کۆمیسیۆنی بەرگرییە لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا. ئەو وەڵامە روونەکەی بۆ ئەو پرسیارە پێیە، "بۆئەوەی ئەڵمانیا بتوانێ توانای بەرگریکردنی لەخۆی هەبێت، پێویستی بە بودجەیەکی 300 ملیار یۆرۆییە"! واتە سێ هێندەی ئەوەی تاوەکو ئێستا بیری لێکراوەتەوە. 
 
پرسیارەکە ئەوەیە ئەو پارەیە لە کوێوە دێت و چۆن دابین دەکرێت؟ ئۆلاف شۆڵتز لەنوێترین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ رۆژنامەی بەنێوبانگی (زووددۆیچە تزایتونگ) وەڵامی داوەتەوە، "ئەگەر بودجە تایبەتەکە تەواو بوو، خەرجییە زیادەکان لە بودجەی گشتییەوە دەکەین". ئەم قسەیە لە رواڵەتدا قسەیەکی ئاسایی دیارە، بەڵام بۆ هاووڵاتیی ئەڵمانیا ماناکەی ئەوەیە کە لە پێناوی بەهێزبوونی هێزی بەرگریی وڵاتەکەیان رەنگە زۆر لەو خۆشگوزەرانییەی هەیانە و دەوڵەت بودجەی بۆ داناوە نەمێنێ. واتە ئەو ئەڵمانیایەی لەنێو هەموو ئەوروپادا وەک بەهەشتی خۆشگوزەرانی و دەوڵەمەندیی دەوڵەتەکەی تەماشا دەکرێ، رەنگە ناچار بێ هەندێک لە خۆشییەکانی خەڵکەکەی کەمبکاتەوە. هەر بۆیە تەنانەت رۆدەریش کیزڤێتتەی پەرلەمانتاری فیدراڵی لە فراکیسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان (ئۆپۆزیسیۆن)یش پشتیوانی لەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت، "دەبێت هاووڵاتییانمان تێبگەیەنین کە ئەگەر بمانەوێ بە ئازادی ودیموکراسی بژین، دەبێت هەڵیبژێرین کام شتانە بۆ ئەم قۆناخەمان گرنگترن". واتە ئەڵمانیا دەبێت هەڵبژێرێ بۆ مانەوەی لە ئازادی و دیموکراسیدا دەیەوێ بودجەی زۆرتر بداتە بواری بەرگری یان خۆشگوزەرانییەکە وەکو خۆی بێ و وەک دەڵێن ئیشەکە"بەتەمای خوا" بهێڵێتەوە. ئەگەر قسەکانی شۆڵتز بە کوردەواری وەربگێڕین، ئەو دەڵێ خوا گوتوویەتی، لە ئێوە حەرەکەت، ئینجا لە من بەرەکەت! بۆیەش دەبێ حەرەکەتی کەمکردنەوەی خۆشگوزەرانی بکرێ بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە بواری بەرگرییەوە.
 
هەرچەندە لە راپرسییەکدا دەرکەوتووە کە نیوەی خەڵکی ئەڵمانیا ئەو بیرکردنەوەیەی شۆڵتزیان پێ راستە و پشتیوانیی دەکەن، بەڵام تەنانەت هاوپەیمانەکانی شۆلتزیش لەنێو حکومەتدا (وەکو پارتی سەوزەکان) بە قورسی دەزانن ئاوا بەئاسانی دەست بۆخۆشگوزەرانیی خەڵک ببردرێ. هەندێک سیاسیی نێو پارتەکەی شۆڵتزیش دەڵێن، ئەو هەنگاوە پارتە راستئاژۆ و تووندئاژۆکان بەهێزتر دەکات و ناڕەزایی لەنێو خەڵکدا زۆرتردەکات. 
 
یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ دەرچوون لەو دووڕیانە ئەوەیە کە حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا پارەی زۆرتر لە خەزێنەی دەوڵەت قەرز بکات، بەڵام ئەمە بەپێی دەستوور بەزەحمەت کراوە و پارەی گەورەش قەرز ناکرێ. بۆیە ئێستا سیاسییەکان و شارەزائابووری و یاساییەکان، خەریکی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکن کە نە شیش بسووتێنێ نە کەباب. 
 
ئەم چیرۆکەی ئەڵمانیا زۆر وانەی بۆ ئێمە لە کوردستان تێدایە. گرنگترینیان ئەوەیە کەسەرەڕای ئەوەی ناکۆکی هەیە لەنێو پارتەکانی ئەڵمانیا لەسەر ئەم مژارە، بەڵام هەموویان دەزانن ئەڵمانیا پێویستی بە بەرگرییەکی بەهێزە و لەسەر ئەمە لەکۆتاییدا دەگەنە ئەنجام. چونکە بەرژەوەندیی وڵاتیان پێ لە بەرژەوەندی و مەزاجی کەسەکان پێ گرنگترە. هەروەها ئەو وانەیەشی تێدایە کە کاتێک حوکمی وڵاتێکت بەدەستەوەبوو، پێش ئەوەی کارەساتەکان رووبدەن و هەڕەشەکان ببنە کردەوە، دەبێ پلانت هەبێ بۆ رێگەلێگرتنیان. وەک خوا پێی گوتووین، لە ئێمە حەرەکەت، لەمیش بەرەکەت!