بلینکن لەبارەی هەڵپەساردنی رێککەوتننامەیەکی تایبەت بە کڵاوەی ئەتۆمی لەلایەن رووسیاوە: نابەرپرسیارانەیە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هەڵپەساردنی بەشداریی رووسیا لە رێککەوتننامەی نیو ستارت کە تایبەتە بە کڵاوە ئەتۆمییەکان، "جێگەی داخە و نابەرپرسیارانەیە." 
 
رۆژی سێشەممە 21-02-2023، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتاری ساڵانەیدا کە هاوکاتبوو لەگەڵ سەردانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆڵەندا رایگەیاند، مۆسکۆ بەشداریکردن لە رێککەوتننامەی "نیو ستارت" هەڵدەپەسێرێت. 
 
رێککەوتننامەی "نیو ستارت" لە ساڵی 2010 لەنێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمیتری میدڤیدیڤی، هاوتا رووسییەکەی واژۆی لەسەرکرا. رێککەوتننامەکە رێژەیەک بۆ ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییە ستراتیژییەکان دادەنێت کە رووسیا و ئەمریکا دەتوانن بڵاویان بکەنەوە. 
 
لە رێککەوتننامەکەدا هەردوولا رێککەوتن لە 1550 کڵاوەی ئەتۆمی زیاتر بڵاونەکەنەوە، هاوکات رێژەیەکیش بۆ چەکەکانی دیکە وەکو، مووشەک و بۆمبهاوێژ و رۆکێتهاوێژەکان دابنێن.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کاتێک ئیدارەی بایدن دەستبەکاربوو، رێککەوتننامەی "نیو ستارت"ی درێژکردەوە، چونکە پێیوابوو ئەمە لە بەرژەوەندی ئاسایشی هەردوولادایە، هەر ئەمەش دەریدەخات کە "کردەوەی نا بەرپرسیارانە" چۆنە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا دەربارەی سنووردارکردنی چەکە ستراتیژییەکان بەردەوامبن هەر کاتێک رووسیا بیەوێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرزی و نزمییانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیادا دروستبوون.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەرفەتێک دەهێڵێتەوە کە پەیوەندی بە ئاسایشی جیهان و مەترسیی وەشاندنی چەکی ئەتۆمییەوە هەیە و دەڵێت، "بڕیاری هەڵپەساردنی بەشداری لە 'نیو ستارت' دەکرێت هەڵبوەشێندرێتەوە. بۆ ئەوەی ئەمەش بکرێت، پێویستە واشنتن خواستی سیاسی پێشان بدات و هەوڵی نیازپاکی بدات بۆ هێورکردنەوەیەکی گشتی." 
 
پووتین لە میانی گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، رووسیا رێککەوتننامەکەی تەنیا هەڵپەساردووە نەک هەڵی وەشاندبێتەوە.