جنێف.. ئەمریکا و ئێران لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی کۆدەبنەوە

رووداو - هەولێر 

سەرۆک کۆماری ئێران براکەی خۆی و بەرپرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆ بەشداریكردن لە دانوستانە بەراییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەستنیشانکرد، کە رۆژی هەینی دەستیپێکرد.  

دوای ئەم کۆبوونەوانە، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوبات لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، محەممەد جەواد زەریف کۆدەبێتەوە.

کیری رایگەیاند خوازیارە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا واتە ٣٠ ی حوزەیران بگەنە رێککەوتن.

شاندی دیپلۆماسیی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا رۆژی هەینی خولێکی دیکەی دانوستاندنەکانیان دەستپێکردووە، ئەم کۆبوونەوانەش بڕیارە بە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان هەر دوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا کۆتایی پێبێت.

کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی جنێف بەشێکن لەو کۆبوونەوە بەرفراوانانەی کە پێشتر بە بەشداری گرووپی پێنج کۆی یەک بەڕێوەچوون، ئامانج لێیان سنووربەندکردنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بووە، بۆ ئەوەی رۆژئاواش لە بەرامبەردا سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئەم وڵاتە سووکتر بکات.

پێشتر لە مانگی تشرینی دووەمدا، کۆبوونەوەیەکی ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بەهۆی جێبەجێنەکردنی هەموو مەرجەکان هەڵوەشایەوە. وەکو بەرپرسانی رۆژئاواش باسی دەکەن، تا گەیشتن بە رێککەوتنێکی تەواو رێگایەکی زۆر ماوە بیبڕن.