رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی شاری هەولێر، لە بەشێکیدا پشتی بە زانیارییەکانی رووداو بەستووە، رایگەیاند هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران بۆ سەر ماڵێک بووە و بووەتە هۆی کوژرانی چوار هاووڵاتیی سڤیل و برینداربوونی شەش کەسی دیکە.
رۆژی سێشەممە، 22ی کانوونی دووەمی 2024، لە راپۆرتێکیدا رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ - 'هیومن رایتس وۆچ'، ئاماژەی بە دیمەنەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و باسی لەوە کردووە، ئەو هێرشانەی ئێران چ وێرانکارییەکی لە ماڵی پێشڕەو دزەیی دروستکردووە کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کە تەنیا 10 رۆژی مابوو تەمەنی ببێتە یەک ساڵان لەگەڵ سەرمایەداری بەریتانی – عێراقی، کەرەم میخائیل و خزمەتگوزارێکی فلیپینی، بێجگە لەوە هاوژینی پێشڕەو و دوو کوڕی دیکەشی بریندار بوون.
رێکخراوەکەی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە دوای بە ئامانجکردنی ماڵی پێشڕەو دزەیی، کاژێر 05؛05ی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، سیستەمی بەرگریی مووشەکی، سێ درۆنی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تەقاندووەتەوە، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدایە، لە ئەنجامدا گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر بەشێوەیەکی کاتی راگیران.
لەبارەی هێرشەکەی سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری دیاری شاری هەولێر؛ سارا سەنبار، توێژەر لە عێراق لە رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت، "سەرەڕای بانگەشەکانی ئێران لەبارەی ئەو هێرشەوە، ئەم کوشتارانە، مێژووییەکی درێژی کوشتن و بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیلە لە ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن سوپای پاسدارانەوە. نەبوونی لێپرسینەوەی یاسایی بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل لەلایەن ئێرانەوە، تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی لە داهاتوودا هێرشی نایاسایی زیاتر بکات."
لەدرێژەی راپۆرتەکەی رێکخراوەکەدا هاتووە، هەرزوو سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشەدا راگەیاندووە و ئاماژەی بەوە کردووە: "ناوەندێکی سیخوڕیی مۆسادیان'' کردووەتە ئامانج، وەک ئاماژەیەک بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی. پاشان لە راگەیێندراوێکدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئەو لێدوانانەی رەتکردەوە کە دەزگا هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هەبێت و رایانگەیاند ئەو هێرشانە "پاساوێکە بۆ هێرشکردنە سەر هەولێر" و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
لەدرێژەی قسەکانیدا، سەنبار دەڵێت "نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی دەرەکی لەسەر حیسابی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و سەقامگیری وڵاتەکە، ئەو هەنگاوانە تەنیا دەبنە هۆی پەرەسەندنی زیاتی هەرێمی و کوشتن و وێرانکاریی زیاتر".
لە راپۆرتەکەی هیومن رایتس وۆچ، قسە لەگەڵ ناسر تەحسین نوری، تەمەن 31 ساڵ کراوە، کە ماڵەکەی چەند کیلۆمەترێک لە ماڵی پێشڕەو دزەییەوە دوورە، لەبارەی شەوی هێرشەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوکاتە خەریک بووە بخەوێت، "بەڵام لە کاژێر 11:30ی شەو، گوێم لە دەنگی تەقینەوەی یەکەم بوو. ئەوەندە دەنگی بەرز بوو، وامزانی کەسێک هێرشی کردووەتە سەر ماڵەکەم و دەرگاکەی شکاندووە. پاشان چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چی روودەدات، گوێم لە تەقینەوەی دووەم و سێیەم بوو. ماڵەکە دەلەرزییەوە."
هەروەها ناسر لەدرێژەی قسەکانیدا، رایگەیاندووە، دوای هێرشەکان تەقەی زۆر کران، و گوتیشی: ''نازانم کێ تەقەی دەکرد، بەڵام لە دوو ئاراستەی جیاوازەوە دەکرا. کوڕەکەم تەمەنی تەنیا 11 مانگە، زۆر دەترسا".
لە پاش هێرشەکان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگهێشت کردەوە و دواتریش بە فەرمی سکاڵای لە دژی تاران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کرد.
قاسم ئەلئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژێک لەدوای هێرشەکە سەردانی ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی کرد و لەوێ رایگەیاند، لە پشکنینەکانی ماڵی دزەیی هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بێت بەوەی ماڵەکەی وەک بارەگایەکی مۆساد بەکارهاتبێت و پێویستە عێراق تەواوی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاوبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ