لە چین بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە 47 کەس کەوتنەژێر داروپەردوو
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە ناوچەیەکی شاخاوی باشووری رۆژئاوای چین، 47 کەس کەوتنەژێر داروپەردوو؛ ئەمە جیا لەوەی تیمەکانی فریاگوزاری 200 کەسیان بۆ ناوچەیەکی سەلامەت گواستەوە.
رۆژی دووشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2024، میدیای فەرمی چین رایگەیاند، کاژێر 5:51 بەیانیی بە کاتی چین (کاژێر 00:51 بە کاتی هەولێر) لە ناوچەیەکی شاخاوی هەرێمی یوونان، رووداوەکە روویداوە و بەهۆیەوە 18 خانوو و 47 کەس کەوتنەژێر داروپەردوو.
یوونان ناوچەیەکە کە بە زنجیرە چیای بەرز ناسراوە و رووداوەکەش لە گوندێکی ناوچەی ژنشیونگی پارێزگای یوونان کە کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای چین روویدا.
میدیای فەرمی چین دەشڵێت، تیمەکانی فریاگوزاری بە 200 کارمەند و ژمارەیەک ئامێر لە هەوڵی بەهاناوەچوونی دانیشتووانی دیکەی ناوچەکەدان.
چەند مانگی رابردوو، چین ژمارەیەک کارەساتی سروشتی بەخۆوە بینی کە هەندێکیان دوای بارانی لەناکاو و بەخوڕ بوون. ئەیلوولی رابردوو لە باشووری هەرێمی گوانگشی بارانی بەخوڕ بووە هۆی رۆچوونی زەوی و بەهۆیەوە لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها، لە مانگی ئابیش لە باکووری شاری شیان کە کەوتووەتە هەرێمی شانشییەوە، 20 کەس بە لافاو گیانیان لەدەستدا.