سەرۆکوەزیرانی سوێد سەرکۆنەی سووتاندنی قورئان لە وڵاتەکەی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی سوێد سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن سەرۆکی پارتێکی دانیمارکی لە ستۆکهۆڵم دەکات و بە "کارێکی زۆر بێڕێزانە" ناوی دەبات. 
 
رۆژی یەکشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2023، ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە تویتێکدا نووسی: "ئازادیی رادەربڕین بەشێکی بنچینەیی دیموکراسییە. بەڵام هەر شتێک یاسایی بێت، مانای ئەوە نییە گونجاوە." 
 
رۆژی شەممە، راسموس پاڵودان، سەرۆکی پارتی سترام کورسی راستڕۆی دانیمارک لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند. پاڵودان بە کەسێکی تووندڕۆ دەناسرێت و هەڵگری رەگەزنامەی سوێدی - دانیمارکی یە. راسموس گوتی، ئەو کارەی وەکو کاردانەوە لە دژی وەستانەوەی تورکیا لە بەردەم ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆدا کردووە. 
 
لەو بارەیەوە، کریستەرسن دەڵێت: "سووتاندنی کتێبەکان کە لای بەشێکی زۆری خەڵکی پیرۆزن کارێکی زۆر بێڕێزانەیە." گوتیشی، هەست و سۆزی خۆی بۆ هەموو ئەو موسڵمانانە دەردەبڕێت کە "بەهۆی ئەو رووداوەی ستۆکهۆڵمەوە دڵگران بوون."
 
پێشتریش، رۆژی شەممە، تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد لە تویتێکدا گوتی: "ئەو کارە هەراسانکارییەکانەی لە چوارچێوەی ئیسلامۆفۆبیا دەکرێن، تۆقێنەرن." گوتیشی کە  سوێد ئازادییەکی فراوانی رادەبڕینی هەیە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت: "ئەوە مانای ئەوە نییە کە حکومەتی سوێد یان من پاڵپشتی لەو جۆرە رایانە بکەین کە دەردەبڕێن." 
 
ئەم رووداوە تووڕەبوونی تووندی تورکیای لێکەوتەوە و دوای سەرکۆنەکردنی، رایگەیاند سەردانی وەزیری بەرگریی سوێدی بۆ ئەنقەرە هەڵوەشاندووەتەوە.
 
ئەمە جاری یەکەم نییە راسموس قورئانی پیرۆز بسووتێنێت یان هەوڵی سووتاندنی لە شوێنی گشتی بدات. 
 
لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا، پاڵودان گوتی کە کۆپییەکی قورئانی پیرۆز دەسووتێنێت. ئەوەش کاردانەوەی تووندی موسڵمانانی لە سوێد و سەرتاسەری جیهانیش لێکەوتەوە. سەدان کەس لە دژی پیاوە تووندڕۆکە خۆپێشاندانیان کرد و گرژی کەوتە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران. لە ئەنجامدا، 26 پۆلیس و 14 کەسی دیکە برینداربوون و 20 ئۆتۆمبێلیش بە تەواوەتی سووتان. بەهۆی رووداوەکەوە 40 خۆپێشاندەر دەستگیرکران.