تەنیا پاراستنی ئاسایشی کۆڕبەندی داڤۆس 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت

رووداو - داڤۆس

بەفر داڤۆس، شارۆچکە بچووکەکەی سویسرای داپۆشیوە کە. زیاتر لە مەترێک بەفر لە زەویدایە، بەڵام شارۆچکەکە لەو پەڕی چالاکیدایە، بەوپێیەی میوانداری لانی کەم 70 سەرۆک، سەرۆکوەزیران و پاشا و ئەمیری وڵاتانی جیهان و سێ هەزار کەسایەتی دیکە دەکات.

ئەوانەی لە داڤۆسن زۆرینەیان سەرۆک و سەرمایەدار و کەسانی بەنێوبانگن، پاراستنی ئاسایشی شارۆچکەکە یەکەم کاری گرنگی حکومەتی سویسرایە.

ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە داڤۆس دەڵێت، بەفر داڤۆسی داپۆشیوە، زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریووە و رێگاکانی هاتووچۆ داخراون، بەڵام هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی کراوە بۆ پێشوازی لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیهان.

ژمارەی دانیشتووانی داڤۆس 11 هەزار کەسن. ئێستا بەهۆی کۆڕبەندەکە لە هەموو شوێنێکی شارۆچکەکە پۆلیس و سەرباز دەبینرێن، تەنانەت قەناسبەدەستیش لە شوێنە تایبەتەکاندا جێگیرکراون. 


حکومەتی سویسرا پێنج هەزار پۆلیس و سەربازی بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس جێگیرکردووە، فڕین بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا قەدەخەکراوە.

بەپێی زانیاری میدیاکانی سویسرا، خەرجی پاراستنی ئاسایشی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس 10 ملیۆن دۆلارە. 

نێردراوی رووداو لە داڤۆس ئاماژە بەوەشدەکات، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا نێچیرڤا بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییەکان دەبێت.


داڕشتنەوە: حەکیم داود