رووداو - هەولێر
رۆژی دووشەممە یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژە نوێیەکەی بۆ عێراق پەسندکرد، کە لە نێوەڕۆکدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایدەگەیێنێت، ئەگەر حکومەتی عێراق پابەندی ئەو ستراتیژە نەبێت، کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەوروپا دەبێت.
ئەنجوومەنی ئەوروپا رۆژی دووشەممە (22-1-2018)، لە کۆبوونەوەیەکدا ستراتیژییەتی نوێی یەکێتییەکەی بۆ عێراق پەسندکرد و تێیدا پشتگیریی خۆی بۆ یەکپارچەیی عێراق و شەڕی هێزە عێراقییەکان دژ بە داعش، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان دووپاتکردووەتەوە.
ئەنجوومەنەکە داوادەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەکاتی خۆیدا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداربن.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ـی تەلەڤزیۆنی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشكەشی دەکات، لەبارەی پابەندکردنی عێراق لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا روونیکردەوە، یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتنێکی ستراتیژیی لەگەڵ عێراق هەیە و لەساڵی 2012 واژۆکراوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەش کە بە نوێنەرایەتیی هەر 28 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا واژۆکراوە، بوارەکانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، بازرگانی و وزەش لەخۆدەگرێت.
ئاژگەیی دەڵێت: "ئەو رێککەوتنە بۆ یەکێتیی ئەوروپا زۆر گرنگە و نزیکەی 650 لاپەڕە دەبێت، هەموو ئەو خاڵانەی پەیوەندیی بە یەکێتیی ئەوروپا هەیە نووسراون، بۆیە ئەگەر بێت و عێراق رێز لەو ستراتیژە نوێیەی یەکێتیی ئەوروپا نەگرێت، کە بە نوێنەرایەتیی هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کاری لەسەر کراوە و ئامادەکراوە، ئەوا بێگومان کاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و یەکێتی ئەوروپا دەبێت".
لەڕووی ئابوورییەوە، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیIMF و بانکی جیهانی، یارمەتی عێراق دەدەن و قەرزی پێدەدەن. وەکو ئاژگەیی دەڵێت "کاریگەریی زۆریان لەسەر ئەو چاکسازییانە هەیە کە خەریکە عێراق ئەنجامیدەدات، ئەگەر بێت و عێراق رێز لەو ستراتیژە نوێیەی یەکێتی ئەوروپا نەگرێت لەو لایەنەشەوە دەتوانن کێشە بۆ عێراق دروستبکەن و گەمارۆی بخەنەسەر".
یەکێتیی ئەوروپا لە ستراتیژە نوێکەیدا، داوای پاراستنی مافی پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکان و سرووشتی کۆمەڵگەی عێراقی دەکات، هاوکات جەخت لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکان، لەنێویاندا هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و بە گرنگی دەزانێت حکومەتی داهاتووی عێراق، حکومەتێکی گشتگیر و دامەزراوە بێت، بەجۆرێک نوێنەرایەتیی راستەقینەی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.
بە بڕوای دلاوەر ئاژگەیی، ناوهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ چەند جارێک لەو ستراتیژە نوێیەی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە بۆ عێراق دانراوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا "پەیامێکی زۆر گرنگە و ئاماژەیەکی زۆر باشە، ئەگەر کورتی بکەینەوە دەتوانین بڵێین پشتگیرییەکی راستەوخۆیە لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغداو هەروەها بۆ جێبەجێکردنی هەموو خاڵەکانی دەستووری عێراق، چونکە لەو شوێنانەی باسی هەرێمی کوردستان دەکات بە راشکاوانە دەڵێ، دەبێت سەرجەم خاڵەکانی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەمەش هەمان ئەو داواکاریەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند جارێک دووپاتیکردووەتەوە و کاری لەسەر کردووە، پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش جەختی لەسەر ئەو خاڵانە کردووەتەوە".
لە سەرەتای ئەم مانگە نووسینگەی کاروباری دەرەوەی یەکێتییەکە و کۆمیسیۆنی ئەوروپا رەشنووسی ستراتیژییەتەکەیان پێشکەش بە ئەنجوومەنەکە و پەرلەمانی ئەوروپا کرد و رۆژی دووشەممە پەسەندکرا.
- چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا
- جێبەجێکردنی دەستووری عێراق
- پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق
- نێوەندگیریی یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا
- بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی خۆیدا
- بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ