پۆلیسی زیاتر لە شەقامەکانی نەمسا بڵاودەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی ڤییەنای پایتەختی نەمسا دەڵێت، پۆلیسی زیاتریان لەنێو بازاڕەکانی فرۆشتنی پێداویستییەکانی کریسمسدا بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش دوای هێرشەکەی شەوی رابردووی شاری ماگدێبورگی ئەڵمانیا.
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەیڤد پاوڵیک، گوتەبێژی پۆلیسی ڤییەننا رایگەیاند، "بەهۆی رووداوەکەی ماگدێبۆرگەوە کە هیچ پەیوەندییەکی بە نەمساوە نییە، بڕیاردرا لە رۆژی شەممەوە (ئەمڕۆ) بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکانی فرۆشتنی پێداویستیی کریسمس، پۆلیسی زیاتر لە تەواوی ڤییەنا بڵاوبکرێنەوە."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ مەترسییەک" سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بازاڕەکانی شاری ڤییەنا نییە، بەڵام بەرپرسانی نەمسا لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا.
شەوی رابردوو، کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هێرشی کردە سەر بازاڕێکی فرۆشتنی پێداویستییەکانی کریسمس لە شاری ماگدێبورگی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، بەو هۆیەوە 5 کەس کوژران و زیاتر لە 200ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی نەمسا رێکاری ئەمنیی تووندیان لە هەریەک لە هەرێمەکانی نەمسای سەروو، نەمسای خواروو و بەرگەنلاند گرتووەتەبەر.
زیادکردنی ژمارەی هێزە ئەمنییەکان لەم کاتەی ساڵدا، لەکاتێکدایە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2020، لە بازاڕێکی شاری ڤییەنا پاڵپشتیکارێکی داعش دەستڕێژی گولـلەی لە خەڵک کرد، لە ئەنجامدا 5 کەسی کوشت، زیاتر لە 23ـی دیکەشی بریندار کرد، هێرشکارەکە دواتر لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.