رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پرۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە تێیدا لە رێگەی پارەدارکردنی دەزگا فیدراڵییەکانەوە رێگە لە داخستنی حکومەت دەگرێت.
رۆژی هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە 85 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 11 دەنگی 'نەخێر' پڕۆژەیاسای خەرجییە کورتخایەنەکانی پەسند کرد و بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەش، تاوەکو نیسانی داهاتوو دەزگا فیدراڵییەکانی ئەمریکا پارەدار دەکرێن.
چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران گوتی، "هەردوولا [دیموکراتەکان و کۆمارییەکان] تاوەکو کۆتایی بەیەکەوە کاریان کرد. ئەنجامەکە بۆ ئەمریکا و گەلی ئەمریکا باشە".
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە واژۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە دەکات.
زۆربەی دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا پشت بەو بودجەیە دەبەستن کە لەلایەن کۆنگرێسەوە خەرج دەکرێت.
ساڵانە دامەزراوە فیدراڵییەکان ئەو خەرجییانەی پێویستیانن، پێشکێش بە کۆنگرێس دەکەن و دەبێت کۆنگرێس بڕیاری کۆتایی لەبارەیانەوە بدات.
ئەگەر ئەندامانی کۆنگرێس نەگەن بە رێککەوتن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە نەدەن، ئەوا هەموو 'ئەرکە ناپێویستەکان'ـی حکومەت دەوەستن.
ئەرکە ناپێویستەکانی حکومەت، بریتین لەو دەزگا خزمەتگوزارییانەی بۆ سەلامەتی وڵات بە کەمتر گرنگ دادەنرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ