کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکەی ئەڵمانیاوە دەستگیرکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی رووداوەکەی مارگدێبورک لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژراون گەیشتە 2 کەس و 68 کەسی دیکەش بریندار بوون. پۆلیس تۆمەتبارێکی 50 ساڵی بە رەچەڵەک سعودی دەستگیرکردووە.
رۆژی شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، پۆلیسی ئەڵمانیا رایگەیاند، کەسێکی بە رەچەڵەک سعودی پەیوەندیدار بە رووداوەکە دەستگیر کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری پشت رووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە.
هێرشکارەکە ناوی تاڵیب جەواد عەبدولموحسینە و لە 2006 چووەتە ئەڵمانیا و پزیشکی دەروونییە.
تاڵیب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی زۆری لە ئیسلام گرتووە و چەندین جار هۆشداری لەبارەی "مەترسییەکان"ـی "بەئیسلامکردنی ئەڵمانیا"ی داوە؛ هەروەها لەگەڵ راستڕۆکانی ئەڵمانیا دژی چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کاری کردووە.
رۆژی هەینی 20-12-2024 دەزگا فریاگوزارییەکانی شاری مارگدێبورگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا رایانگەیاند، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو بازاڕێکدا کردووە کە بۆ رۆژی کریسمس رازێندرابوویەوە.
هێرشەکە دوای هەشت ساڵ بەسەر کوشندەترین هێرشی لەو جۆرە لە ئەڵمانیا هات، کە تێیدا پیاوێکی تونسی بە بارهەڵگرێک خۆی کرد بەناو بازاڕی کریسمس لە بەرلین و 13 کەسی کوشت.
رووداوەکە کاردانەوەی سیاسی و کەسایەتییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای لێکەوتەوە و نیگەرانی خۆیان لەبارەی رووداوەکە دەربڕی.
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "لەگەڵ خەڵکی مارگدێبورگ دەوەستین. سوپاسی کارمەندانی فریاگوزاری دەکەم لەم کاتەدا یارمەتییان داین."
نانسی فێیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی رووداوەکە گوتی، "هەواڵەکانی مارگدێبورگ زۆر جێگەی سەرسووڕمانن. تیمەکانی فریاگوزاری هەموو ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی ژیانی بریندارەکان پارێزراو بێت."
ئەڵمانیا لەماوەی رابردوودا چەندین رووداوی هێرشکردن بە چەقۆی بەخۆیەوە بینیوە کە توڕەیی رای گشتی ئەڵمانیای لێکەوتووەتەوە.
ئابی ئەم ساڵ لە شاری زۆلینگن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، پیاوێک لە فێستیڤاڵێکدا سێ کەسی بە چەقۆ کوشت و هەشتی دیکەی بریندارکرد. پۆلیس کەسێکی سووریایی بە تۆمەتی هێرشەکە دەستگیر کرد، دواتری رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
لە مانگی حوزەیرانیش، کەسێکی بەرەچەڵەک ئەفغانستانی لە شاری مانهایم پۆلیسێکی کوشت.
لە هاوینی ئەم ساڵ، حکومەتەکەی ئۆلاف شۆڵتز چاودێری زیاتری خستە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی و بەڵێنیدا رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوە ئەو پەناخوازانە خێرا بکات کە داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە.