وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: نابێت حەماس توانای دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئیسرائیل بمێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە قاهیرەی پایتەختی میسر وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و میسر کۆبوونەوە و جەختیان لە راگەیاندنی ئاگربەستێک لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کردەوە و وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش بەردەوامی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگرتنی جەنگی ئیسرائیل و غەززە روونکردەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەوەی پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوامە کە تێیدا حەماس توانای دروستکردنی هەڕەشەی بۆ سەر ئیسرائیل نەبێت."
 
هەروەها دەشڵێت، گفتوگۆکان لەسەر ئەوەی کە چۆن دەتوانن چارەسەرێکی درێژخایەن، ئاشتی و سەقامگیری لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل و فەلەستین بەدیبهێنن، بەردەوامن. 
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵەکانیان بۆ وەستاندنی جەنگەکە و ئازادکردنی بارمتەکان بە تایبەت بارمتە بەریتانییەکان بەردەوامە." 
 
سەمیح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر گوتی، "هەڵوێستی میسر هەمیشە پێویستیی گەیشتنە بە ئاگربەست." هەروەها دەشڵێت، "بارودۆخی ئێستا و بەردەوامیی ئەم ململانێیە و ئامانجە راگەیێندراوەکانی ناتوانێت پاساو بۆ خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بهێنێتەوە."
 
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، نەخۆشخانەکان 20 هەزار کوژراویان تۆمارکردووە کە 8 هەزار لەوانە منداڵ و 6 هەزار 200 کەسیش ژنن. هەروەها دەشڵێت، 310 کارمەندی تەندروستی، 35 کارمەندی بەرگریی شارستانی و 97 میدیاکار لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون.
 
بەرپرسانی کەرتەکە ئاماژە بە وێرانبوونی 308 هەزار خانوو دەکەن. ئەمە جگە لە وێرانبوونی 114 مزگەوت و چوار کڵێسا.
 
هەر بە گوێرەی ئەو راگەیێندراوە نوێیە، "ئیسرائیل 126 باڵەخانەی حکومی بە تەواوی وێرانکردووە و زیانی لە 283 باڵەخانەی دیکە داوە. هەروەها، 90 قوتابخانە و زانکۆ وێرانکراون."
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ملیۆنێک و 900 هەزار غەززەیی بەهۆی ئەو جەنگەوە ئاوارە بوون کە نزیکەی ٪90ـی دانیشتووان پێکدەهێنن و زۆربەشیان لە دۆخێکی خراپدا دەژین. 
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیلیش، تائێستا هەزار و 200 کەس کوژراون بەڵام تەنیا هەزار و 162 کەس ناسراونەتەوە و 33 منداڵیان تێدایە. ئەمە جگە لە برینداربوونی 5 هەزار و 400 کەس.
 
هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، ئاسایشی دەریایی و ئازادی جووڵەی کەشتییەکان بۆ میسر، بەریتانیا و هەموو جیهان گرنگە. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە ناتوانن رێگە بە پەکخستنی بازرگانی، گرتنی رێگە، هەڵاوسان و پەکخستنی ئابووری بدەن.
 
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت کە بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا لە 18ی تشرینی دووەمەوە لە دەریای سووردا حووسییەکانی یەمەن لانیکەم 100 هێرشیان کردووەتە سەر 12 کەشتی بازرگانی.
 
بە گوێرەی میدیای بەریتانی، دەریای سوور بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت کە ئاسیا بە رۆژئاواوە دەبەستێتەوە و ساڵانە 19 هەزار کەشتی بازرگانی پێیدا تێدەپەڕن.