رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی چیک دەڵێت، کەسێک بە تەقەی هەڕەمەکی لانیکەم 15 کەسی لەنێو زانکۆی پراگی پایتەخت کوشت و 24 کەسی دیکەشی بریندار کرد.
ئەم رووداوە رۆژی پێنجشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2023 روویدا. بەگوتەی پۆلیس، تەقەکەرەکە بە "کوژراویی" دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی پۆلیسی پراگ، تەقەکەرەکە خەڵکی گوندێک بووە کە 21 کیلۆمەتر لە پراگ دوور بووە و ئەمڕۆش تەرمی باوکی بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی پراگ ئاماژەی بەوە کردووە، باڵەخانەی فاکەڵتی هونەر لە زانکۆی چاڕڵس نزیکە لە فاکەڵتییەکانی فەلسەفە، تەلارسازی و دیزاین. هەروەها، ژمارەیەک پۆلیسی زیاتریان لەو ناوچانەی نزیکن لە شوێنی رووداوەکە بڵاوکردووەتەوە، ناوچەکەیان بەڕووی هاووڵاتییاندا داخستووە و داواشیان لە دانیشتووانی نزیک لە رووداوەکە کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
ڤیت راکوسان، وەزیری ناوخۆی چیک رایگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی کردووە کوژراوە. هەروەها دەشڵێت، "تەقەکەرەکە بە تەنیا بووە و هیچ مەترسییەکی دیکە لەو ناوچەیە نەماوە، بەڵام داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەن هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیس بکەن."
بە گوێرەی میدیای چیک، لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 51 هەزار و 282 تاوانی جیاواز لەو وڵاتەدا کراون لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا ژمارەکە 46 هەزار و 940 تاوان بوو. لەو تاوانانەی کە لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵ لە چیک کراون 47یان تاوانی کوشتن یان هەوڵی کوشتن بوون لەکاتێکدا ساڵی رابردوو ژمارەکە 12 تاوانی کوشتن یان هەوڵی کوشتن بوو.
هەروەها بەگوێرەی پۆلیسی چیک، لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی 2022 لەو وڵاتە 122 کەس کوژراون کە 17 کەس زیاتر بوو بەراورد بە تەواوی ساڵی 2021.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ