یاسای نوێی کۆچبەری لە فەرەنسا: هاوکارییە داراییەکانی کۆچبەران کەمدەکرێنەوە

22-12-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
 خۆپێشاندانی ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی دژی یاسای نوێی کۆچبەری لە وڵاتەکەیان
خۆپێشاندانی ژمارەیەک هاووڵاتی فەرەنسی دژی یاسای نوێی کۆچبەری لە وڵاتەکەیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تادێت ناڕەزایەتی لەنێو کۆمەڵگەی فەرەنسیدا بەرامبەر یاسای نوێیەکەی کۆچبەران فراوانتر دەبێت. فەرەنسییەکان لە شاری رێن رژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی یاسا نوێیەکەی کۆچبەران.
 
دێنس گۆتێرێز، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت، "ئەو هەستەم لادروست بوو کە ئێمە کۆچبەران تۆمەتبار دەکەین بۆ کێشە ئابوورییەکانمان کە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە. پسپۆڕانی ئابووری دەڵێن ئەوە کۆچبەران نین کە کورتهێنان هەبووە. بە پێچەوانەوە، ئەوان سامانی زیاترن بۆ وڵاتەکە، بەڵام ئێمە بەم یاسایانە لەو سامانە بێبەش دەبین. لەگەڵ ئەوەشدا بەم هەنگاوە پرسی رەگەزپەرستی دەوروژێنین و کۆمەڵگە بەرەو بەرەی راستڕۆ دەبەین." 
 
کرێگ شافەر، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "پێموایە کۆچبەران، وڵاتەکە دەوڵەمەنتر دەکەن. ئەوەش گرنگە کە دەست بە بەها دەوڵەمەندەکانی رەسەنایەتی فەرەنسا بگرین و سوود لەوانی دیکەش بکەین."  
 
رۆژی چوارشەممە 20-12-2023، حیزبەکانی فەرەنسا لە پەرلەمان یاسای نوێی کۆچبەرییان پەسندکرد. چەپڕۆکان لە دژی یاساکەن و راستڕۆکانی فەرەنساش لەگەڵین. لەبەر تووندیی یاساکەش وەزیری تەندروستیی وڵاتەکە وەک بەرگریی لە کۆچبەران دەستی لەکار کێشایەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو یاسا نوێیە، هاوکارییە داراییەکان بۆ کۆچبەران کەمدەکرێنەوە، یاساکانی تایبەت بە هاوکاریکردنی خوێندکارانی بیانی تووند دەکرێن. ساڵانە ژمارەی کۆچبەران دیاری دەکرێن، ئەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی بیانی لە فەرەنسا لەدایک دەبن، بە زەحمەت وڵاتینامەی فەرەنسی وەردەگرن، هەر هاووڵاتییەکی خاوەن دوو وڵاتینامە تاوان بەرامبەر پۆلیس بکات، ئەگەری هەیە وڵاتینامەی فەرەنسی لێبسەندرێتەوە. 
 
ئۆلیڤێر ڤێران، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا دەڵێت، "لەنێوان داواکاری چەپڕۆکان بۆ پێشوازیکردن لە هەمووان و داواکاری راستڕۆکان بۆ وەرنەگرتنی هیچ کۆچبەرێک. دەبێت ئێمە نەخشەڕێگەیەکی یەکگرتوو و دیاریکراومان هەبێت و ئەم یاسایەش ئەوەمان پێدەبەخشێت ئەوەش بەوەی کاری زیاتر بکەین لە دەرکردنی ئەوانەی کە هەڕەشە دروست دەکەن و بشڵێین نەخێر بەڕووی ئەو بیانییانەی پێویست ناکات لە وڵاتەکەمان بمێننەوە، هەروەها کاری زیاتریش بکەین بۆ تێکەڵکردنی ئەوانەی دەمێننەوە." 
 
لە ساڵی 2022، زیاتر لە 320 هەزار پەناخواز، مافی مانەوەیان لە فەرەنسا پێدراوە. لە بەرامبەردا 15 هەزار کەس دیپۆرتکراونەتەوە. ساڵێک و شەش مانگ بوو گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر لەسەر یاسای کۆچبەری هەبوو، چەند جارێک یاساکە لەلایەن حیزبەکەی ماری لوپێن، سیاسەتڤانی راستڕۆ و سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنساوە رەتدەکرایەوە بە بیانووی ئەوەی لە یاساکەدا نەرمونیانی زۆر بەرامبەر کۆچبەران هەیە، بۆیە ئیمانوێل ماکرۆن ناچاربوو پڕۆژەیاسایەکی تووندتر کە بتوانێت حیزبەکانی دیکە رازیبکات بنێرێتە پەرلەمان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا