ئەلبانیا سێ درۆنی بایراکتار لە تورکیا دەکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەلبانیا رێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ کڕینی سێ درۆنی جۆری Bayraktar TB2 SİHA لە تورکیا. کۆمپانیای بایکار رایگەیاند، بە ئەلبانیاوە ژمارەی ئەو وڵاتانەی درۆنیان بۆ هەناردە دەکەن گەیشتووەتە 27 وڵات.
ئەلبانیا رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2022 گرێبەستیکی واژۆکرد بۆ کڕینی درۆنی شەڕکەری Bayraktar TB2 SİHA کە لەلایەن کۆمپانیای بایکار لە تورکیا دروستکراوە. بڕیارە ئەلبانیا لە قۆناخی یەکەمدا سێ TB2 وەربگرێت.
ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لە رێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا کە بە ئامادەبوونی هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایکار لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا بەڕێوەچوو، رایگەیاند، درۆنی بایراکتاری دروستکراوی تورکیا ئامادە دەبن بۆ بەکارهێنان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات، بەڵام لە کاتی ئاساییدا بۆ هاوکاریکردنی پۆلیسیش بەکاردەهێنرێن.
راما ئاماژەی بەوەش کرد کە TB2 لە بوارەکانی وەک چاودێریکردنی خاکی ئەلبانیا، دیاریکردنی شوێنی کێڵگەکانی گەنم و چاودێریکردنی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بەکاردەهێنرێت و هەرگیز نایانەوێت لە شەڕدا بەکاریان بهێنن، بەڵام درۆنەکان چەکدار دەبن و ئامادە دەبن بۆ شەڕکردن لە هەر دۆخێکدا.
سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا لەبارەی کاتی رادەستکردنی درۆنی شەڕکەری Bayraktar TB2 SİHA زانیاری نەدا و ئەوەی نەخستەڕوو کە ئایا داواکاریی زیاتریان دەبێت یان نا، بەڵام باسی ئەوەی کرد کە نزیکەی 30 کەس راهێنانیان پێدەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئەو درۆنانە.
ئەلبانیا کە لە ساڵی 2009 بوو بە ئەندامی ناتۆ، هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی نییە.
هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایکار پۆستیکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سهنتەرێکی زانستی بۆ پاڵپشتیکردنی گەشتەکانی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای گەنجانی ئەلبانی دادەمەزرێنن.
هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بایکار بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی چاودێری و شەڕکەر رۆژی یەکشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2022 راگەیاند، لە 11 مانگی ئەمساڵدا بەبڕی 3 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار درۆنی جۆری بایراکتار TB2یان فرۆشتووە و ئەو ژمارەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 4 ملیار دۆلار.
کۆمپانیای بایکار خاوەنی 9 جۆر درۆنی هەواڵگری، چاودێری و شەڕکەرە. بەنێوبانگترینیان درۆنەکانی Bayraktar TB-2ـە، کە پڕفرۆشترینیانە و لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان، لیبیا، هەرێمی قەرەباخی ئازەربایجان، ئۆکراینا (شەڕی رووسیا - ئۆکراینا) تاقیکراونەتەوە. نرخی یەک درۆنی شەڕکەری بایراكتار TB2 پێنج ملیۆن یۆرۆیە.