مێتا بە تۆمەتی قۆرخکردنی ڤێرچواڵ ریاڵیتی رووبەڕووی دادگە دەبێتەوە

21-12-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

مارک زووکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتا دەڵێت، سەرنجیان لەسەر دروستکردنی ئەو ئەپلیکەیشنانەیە کە بۆ پەیوەندیکردن بەکاردەهێندرێن. 
 
رۆژی سێشەممە 20-12-2022، زووکەربێرگ لە دادگەیەکی فیدراڵیی شاری سان هۆزێ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لەسەر کڕینی کۆمپانیایەکی تایبەت بە دروستکردنی ئەپلیکەیشنی راستیی بینراو یان ڤیرچواڵ ریالیتی دادگاییکرا. 
 
کۆمپانیای مێتا کە خاوەندارێتیی فەیسبووک، ئینستاگرام، واتسئاپ و ئۆکیولەس دەکات، تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ قوڕخکردنی تەکنەلۆجیای ڤیرچواڵ ریاڵیتی، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی پەرەپێدانی مێتاڤێرسە، کە پێکدێت لە تۆڕێک لە جیهانە سێ رەهەندییەکان و پەیوەندیی کۆمەڵایەتییان بەیەکەوە هەیە. 
 
لەلایەن بەرپرسانی لیژنەی بازرگانیی فیدراڵییەوە پرسیار لە زووکەربێرگ کرا لەبارەی ئیمەیڵێک کە لە ساڵی 2015 نووسیبووی و تێیدا گوتبووی، چاوەڕێ دەکات مێتا "زۆربەی ئەپلیکەیشنەکان و خزمەتگوزارییەکانی" پیشەسازیی ڤێرچواڵ ریاڵیتی بەرهەم بهێنێت. 
 
لیژنە فیدراڵییەکە مانگی تەممووز سکاڵای دژی مێتا تۆمارکرد بۆئەوەی لە كڕینی کۆمپانیای "Within" بیوەستێنێت، چونکە پێیوایە زووکەربێرگ لە ساڵی 2014ـەوە لەگەڵ کڕینی ئۆکیولەس "دەستی بە هەڵمەتێک کردووە بۆ داگیرکردنی ڤێرچواڵ ریاڵیتی." 
 
ئۆکیولەس کۆمپانیایەکی تایبەتە بە دروستکردنی بینۆک (هێدسێت)ی ڤێرچواڵ ریاڵیتی. 
 
لیژنەی بازرگانیی فیدراڵیی ئەمریکا پێیوایە، مێتا دەیەوێت بە کڕینی کۆمپانیا بچووکەکانی ڤێرچواڵ ریاڵیتی، بوارەکە بۆ خۆی قۆرخبکات. 
 
کۆمپانیای مێتا رووبەڕووی ژمارەیەک کێشە دەبێتەوە، یەکێک لەوانە رووبەڕووبوونەوەی گوشاری وڵاتە جیاجیاکانە بەهۆی باڵادەستبوونی خۆی لە ژمارەیەک بازاڕدا. 
 
کۆمیسیۆنی ئەوروپا رۆژی دووشەممە گوتی، هۆشداریی بە مێتا داوە کە خەریکە بە "شێواندنی رکابەرایەتیی ریکلامە ئۆنلاینەکان و خراپبەکارهێنانی باڵادەستی خۆی"، یاساکانی متمانەی یەکێتیی ئەوروپا پێشێل دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە