زیلینسکی و بایدن لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، گەیشتە کۆشکی سپی.
 
ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەمڕۆ گەییشتە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا و لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتەوە لە کۆشکی سپی، پێشوازیی لێکرا.
 
لە دوای دەستپێکردنی شەڕ، ئەمە یەکەمین سەردانی سەرۆکی ئۆکراینایە بۆ دەرەوەی وڵاتەکە. ئێستا زیلینسکی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ئۆکراینا و یارمەتییە سەربازییەکان، لە کۆشکی سپییە. 
 
ماوەی 10 مانگە شەڕی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بەردەوامە. 
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێ، بایدن دەیەوێت پاکێجێکی 45 ملیار دۆلاری بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لە بودجەی وڵاتەکەیدا جێگیربکات. 
 
هەر لەگەڵ گەییشتنی زیلنسکی، ئەمریکا رایگەیاند بڕی یەک ملیار و 850 ملیۆن دۆلاری دیکە، وەکو بەشێک لەو پاکێجەی کە لە رابردوودا پەسەندکرابوو، یارمەتیی سەربازی بە ئۆکراینا دەدات کە بۆ یەکەمین جار سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی پاتریۆت لەخۆدەگرێت، کە دەتوانێت مووشەکی کرووز و مووشەکی بالیستیی کورتبڕ بخاتەخوارەوە. 
 
ئەندامانی کۆنگرێس ئەم سەردانەی زیلینسکی بە سەردانەکەی کریسمسی ساڵی 1941ی وینستن چەرچڵ بۆ کۆشکی سپی دەچوێنن، کە چەند رۆژێک دوای هێرشەکەی ژاپۆن بۆ سەر پیرل هاربەر و چوونەنێوەوەی ئەمریکا بۆ نێو جەنگی جیهانیی دووەم، ئەنجامی دا.