نەتەوەیەکگرتووەکان: پێویستە ئەمریکا هەندێک لە سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت

21-12-2022
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژینگە و کەشوهەوای ئەو وڵاتە داناوە. هاوکات رێگری لە هاووڵاتییان و پەنابەرانی ئەفغانی دەکات ژیانێکی شایستە و تەندروستیان هەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 20-12-2022، رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر زاری "شارەزایان"ییەوە بڵاویکردەوە، "ئێران وەک هەموو وڵاتێکی دیکە کێشەی ژینگەیی هەیە. سزاکان نەک تەنیا رێگری لە حکومەتی ئێران دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەیان، بەڵکو کێشەکان خراپتر دەکەن".
 
بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ژینگەی ئێران پیسبوونی هەوایە. ئەو رێکخراوە باس لەوە دەکات، ساڵانە چوار هەزار هاووڵاتی تەنیا لە تاران و 40 هەزار هاووڵاتیی دیکەش لە تەواوی ئێراندا بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیان لەدەست دەدەن.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەوەش دەکات، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وایکردووە حکومەتی ئەو وڵاتە نەتوانێت تەکنەلۆجیای نوێ بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بەکاربهێنێت. هاوکات سزاکانی ئەمریکا رێگری لە کۆمپانیا بیانییەکانی وەکو کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەکات لە کارکردنیان لە ئێران، بۆیە ئێران ناچارە ئۆتۆمبێلی دروستکراوی نێوخۆیی بەکاربێنێت کە گازی زیانبەخشی زیاتر دەردەدەن.
 
لە راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا باس لەوەش کراوە، سزاکانی ئەمریکا رێگریی لە زانایانی ئێران دەکەن بەشداری لە توێژینەوەی هاوبەشی جیهانی بکەن کە لەبارەی ژینگەوە. 
 
نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا پڕۆژەیاسایەکی بۆ ناساندنی ژینگەیەکی تەندروست و سەقامگیر وەک بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ پێشکێشی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە کرد و ئەمریکاش دەنگی لە بەرژەوەندیی ئەو پرۆژەیاسایە دا.
 
نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر زاری شارەزایانییەوە دەڵێت، ئەمریکا خۆی دانی بەوەدا ناوە کە هەبوونی ژینگەیەکی پاک یەکێکە لە مافەکانی مرۆڤ، بەڵام ئەو سزایانەی کە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، پێچەوانەی تێڕوانینی ئەمریکایە بۆ ئەو بابەتە.
 
بەگوێرەی ئەو بڵاوکراوەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان، پێویستە ئەمریکا ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە دەبنە بەربەست لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی ئێران بۆ کێشە ژینگەییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە