ئیلۆن مەسک: هەرکاتێک کەسێکم دۆزییەوە ئەوەندە گەمژەبێت پۆستەکەم وەربگرێت، دەست لەکار دەکێشمەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک، خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا رایدەگەیێنێت، ئەو دەستبەرداری پۆستەکەی لە تویتەر دەبێت، هەر کاتێک کەسێکی دۆزییەوە کە "ئەوەندە گەمژەبێت" ببێتە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر.
 
بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، 21ی کانوونی یەکەمی 2022، مەسکی خاوەنی تویتەر لە دوای ئەوەی لەلایەن بەکارهێنەرانی تویتەرەوە لە رێگەی راپرسییەکەوە داوای لێ کرا لە پۆستەکەی نەمێنێت، ملیاردێرە ئەمریکییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لەوەڵامی راپرسییەکەدا، نووسیویەتی "دەست لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر دەکێشمەوە، هەرکاتێک کەسێکم دۆزییەوە ئەوەندە گەمژەبێت ئەو پۆستە وەربگرێت! تەنیا تیمی سۆفتوێر و سێرڤەرەکان بەڕێوەدەبەم."
 
هەروەها میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە ئێستا مەسک لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوە کەسێکی گونجاو بۆ ئەوەی شوێنی بگرێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەم، مەسک راپرسییەکی لە تویتەر بڵاوکردەوە سەبارەت بەوەی وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێگە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکە بمێنێتەوە یان نا؛ 57.5٪ـی دەنگدەران گوتیان کە دەبێت مەسک پۆستەکە جێبهێڵێت. ئەو پێشتر گوتبووی کە پابەندی ئەنجامەکانی راپرسییەکە دەبێت.
 
مەسک کە خاوەنی کۆمپانیای تێسلای دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایییە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تویتەری بەبڕی 44 ملیار دۆلار کڕی، بەڵام لەدوای کڕینی ئەو تۆڕە کۆمەڵاتییە، چەندین جار رووبەڕووی رەخنەی تووند بووەتەوە سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنەکەی لەگەڵ پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییەکە. 
 
لەدوای کڕینی تویتەر، مەسک نیوەی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە و هەژماری سڕکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای چالاککردەوە.
 
لە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی یەکەم، تویتەر هەژماری ژمارەیەک لەو رۆژنامەڤانانەی هەڵپەسارد کە پێشتر رەخنەیان لە تویتەر و ئیلۆن مەسک گرتووە و ئەمەش بەرپرسانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپای تووڕە کرد و لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا رایگەیاند "نابێت ئازادیی رۆژنامەگەری بە ویستی تاکەکەسی دابگیرسێندرێت و بکوژێندرێتەوە." گوتیشی کە ئەوان وەکو ئەڵمانیا کێشەیان "لەگەڵ تویتەردا هەیە."