زانایانی جیۆلۆجی هۆشداریی دەدەن لە گۆڕانکاری کەشوهەوا

21-12-2018
رووداو @Rudawkurdish
کەشوهەوای زەوی هاوشێوەی 50 ملیۆن ساڵ بەر لەئێستای لێدێت
کەشوهەوای زەوی هاوشێوەی 50 ملیۆن ساڵ بەر لەئێستای لێدێت
نیشانەکردن کەشوهەوا
A+ A-

رووداو-هەولێر

کەشوهەواێکی بەهاری لە وەرزی زستاندا، بەبێ ئەوەی رەشەباێكی سارد یان شەپۆلێکی بەفربارین هەبێت کە هەوای ئەم ناوچەیە تێکبدات، هەڕەشەیەکە لە سیستەمی ژیان و ژینگەی زەوی کە زانایانی جیۆلۆجی هۆشداری لەبارەیەوە دەدەن.


زانایان دەڵێن، ئەگەر بڕی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەو قەبارەیەی کە ئێستا دەردەکرێت بەردەوام بێت، ئەوا سەهۆڵی بەستەڵەکەکان دەتوێتەوە و هاوشێوەی ناوچە گەرمەکانی سەر گۆی زەوییان لێدێت. واتە کەشوهەوای گۆی زەوی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پلیۆنسی ناوەڕاست کە 3 ملیۆن ساڵ بەر لەئێستا بووە.

ئەم پێشبینییە لەلایەن ئەکادیمیای نیشتمانی زانستی ئەمریکا بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییەکان ئەنجامدراون و دواجار لە چەند رۆژی رابردوودا راپۆرتێكیان بڵاوکردەوە کە زانایان و کەسانی ئاگا بە رەوشی کەشوهەوای زەوی ترساندووە.

ئەنجامدەرانی لێکۆڵینەوەکە پێشبینی دەکەن کەشوهەوای گۆی زەوی وشکتر ببێتەوە و بەستەڵەکی ناوچەی گرینلاند بتوێتەوە و ئاستی دەریاکانیش بەرزببێتەوە و پلەکانی گەرماش لەنێوان 1.8 تاوەکو 3.6 بەرزتر ببنەوە.

جاک وڵیمز، زانای بواری زەوی لە زانکۆی ویسکۆنسنی ئەمریکی، دەڵێت: لە ماوەیەکی کورتدا، گۆڕانکاری روون لە کەشوهەوای زەوی روودەدات و ئەگەر دەرکردنی غازی سی ئۆ توو بەم ئاستەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا کەشوهەوای زەوی هاوشێوەی 50 ملیۆن ساڵ بەر لەئێستای لێدێت، واتە سەردەمی دایناسۆرەکان.

11 ساڵ بەر لە ئێستا و لە ساڵی2007دا زانایانی جیۆلۆجی هۆشدارییاندا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕینی کەشوهەوای زەوی کە دەبێتەوە هۆی سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی سرووشتی وەک زیادبوونی لافاوەکان لە هەندێک شوێن و وشکەساڵی لە هەندێک شوێنی دیکە کە هەڕەشە لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان دەکات و ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسییەوە. ئەوەش دەیان کێشەی دیکەی لێدەکەوێتەوە، وەک زیادبوونی کۆچبەری و هەڵکشانی مەترسییە ئەمنییەکان  وئاسایشی نێودەوڵەتی.

لایەنگرانی کەشوهەوای زەوی و دۆستانی ژینگە چەندین ساڵە هۆشداریی دەدەن لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان. هونەرمەندانیش بە شیعر و موزیک، لە تەنیشت بەستەڵەکە تواوەکانەوە هەوڵدەدەن، وەک خۆیان دەڵێن، مرۆڤایەتی لە لەناوچوون، رزگار بکەن.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە