بلاتەر تۆمەتەکانی گەندەڵیی رەتکردەوە

جۆزێف سێپ بلاتەری سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی تۆمەتەکانی سەری بە گەندەڵی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە پەنا دەباتە بەر دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ دەرخستنی بێتاوانیی خۆی لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی.


بلاتەر کە پێشتر لەلایەن لێژنە بەهاکان لە فیفا بە راگرتنی دەستبەجێ لە هەموو کارێکی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ماوەی 8 ساڵ سزادرابوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دژی سزاکانی سەری وەستایەوە.


بلاتەر دووپاتیکردەوە زۆر لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی دوورن لە راستییەوە و ئەوەشی دووپاتکردەوە کە ملکەچی ئەو بڕیارانەی لێژنەکەی فیفا نابێت و بۆ سەلماندی قسەکانی پەنا دەباتە بەر لە دادگای نێودەوڵەتی و دادگای سویسرا.


بلاتەر بە درێژایی ئەمساڵ رووبەڕووی چەندین تۆمەتی گەندەڵی کرایەوە، لەسەرووی هەموویانەوە تۆمەتبارکردنی بە دیارنەمانی پارە لە فیفا و پێدانی بڕی زیاتر لە ملیۆنێک فرەنکی سویسری بە میشێل پلاتینی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەبێ هۆکار.


لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بلاتەر جیا لە دووپاتکردنەوەی بێتاوان بوونی خۆی، ئەوەشی خستە روو کە هیچ پارەیەکی بەناڕەوا بەدەستنەهێناوە و ئاماژەی بەوەدا کە بە سزای راگرتنی بۆ 
ماوەی 8 ساڵ لە کارکردن رازی نییە و داوای پێداچوونەوەی دەکات.

بلاتەر کە پێشتر کارەکانی خۆی وەک سەرۆکی فیفا هەڵپەساردووە، ئاماژەی بەوەداوە دڵگرانە بە رووداوەکانی ماوەی رابردووی تۆپی پێی جیهانی و گوتی لەبەر خاتری فیفا و تۆپی پێی جیهان و خۆم، نامەوێ دەستبەرداری کارەکەم بم.



جۆزێف سیپ بلاتەر، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نارازیبوونی خۆی بەرامبەر بڕیاری لیژنەی دادوەری فیفا بە راگرتنی بۆ ماوەی هەشت ساڵ نیشاندا و رایگەیاند هەموو هەولێک دەدات بۆ ئەوەی سزایەکەی لاببرێت، دووپاتیشی دەکاتەوە ئەو هیچ پارەیەکی بە ناڕەوا وەرنەگرتووە.