یەکێتیی ئەورووپا: فەرمانی دەستگیرکردنی نەتەنیاهوو پابەندکەرە و دەبێ جێبەجێبکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، فەرمانی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان (ICC) بۆ دەستگیرکردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئیسرائیل و محەممەد زەیف، سەرۆکی باڵی سەربازیی حەماس، بڕیارێکی "پابەندکەرە" و پێویستە جێبەجێبکرێت.
بۆرێل لە سەردانێکیدا بۆ عەممانی پایتەختی ئوردن گوتی: "ئەمە بڕیارێکی پابەندکەرە. بڕیاری دادگەیەکە، بڕیاری دادگەیەکی دادوەرییە، بڕیاری دادگەیەکی نێودەوڵەتیی دادوەرییە. پێویستە بڕیاری دادگەکە رێزی لێ بگیرێت و جێبەجێبکرێت".
بۆرێل هەروەها گوتی: "بڕیارەکە بڕیارێکی پابەندکەرە بۆ هەموو وڵاتانی ئەندام لە دادگەکە، کە هەموو ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لەخۆدەگرێت و لەسەر هەموویان پێویستە ئەم بڕیارە جێبەجیبکەن".
بەپێی بڕیارەکەی ICC، نەتەنیاهوو سەردانی هەر یەک لە 124 وڵاتە ئەندامەکە بکات، پێویستە دەستگیربکرێت.
دادگە نێودەوڵەتییەکە ئەمڕۆ لە بڕیارەکەیدا رایگەیاند، نەتەنیاهوو و گالانت برسیکردنی خەڵکی غەززەیان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە و لەژێر سەرپەرشتیی ئەواندا، بە مەبەست هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیلی غەززە.
دادگەی نێودەوڵەتی تاوان دەڵێت، بنەمای بڕواپێکراوی هەیە کە نەتەنیاهوو و گالاند بە مەبەست خەڵکی غەززەیان لە خۆراک، ئاو، دەرمان، سووتەمەنی و کارەبا بێبەشکردووە.
دادگە نێودەوڵەتییەکە بە تۆمەتی تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتیی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد زەیف، سەرۆکی قەسامی باڵی سەربازیی حەماسیش دەرکرد، کە سەرپرشتیی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە کرد.
ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، محەممەد زەیف لە 13ی تەمووزی 2024 لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە، بەڵام حەماس تاوەکو ئێستا هەواڵەکەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
دادگەکە دەڵێت، دادوەر نەیتوانیوە پشتڕاستبێتەوە لە مردنی زەیف، بۆیە بڕیاری دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرکردووە.