ئیسپانیا ساڵانە مافی مانەوە بە 300 هەزار کۆچبەری بێ بەڵگەنامە دەدات

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئیسپانیا رایدەگەیێنن، تاوەکو سێ ساڵی داهاتوو، ساڵانە مافی مانەوە و مافی کارکردن بە نزیکەی 300 هەزار کۆچبەری بێ بەڵگەنامە دەدەن. 
 
رۆژی چوارشەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیلما سایز، وەزیری دەستەبەریی کۆمەڵایەتی و کۆچی ئیسپانیا سیاسەتێکی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران راگەیاند.
 
وەزیرە ئیسپانییەکە گوتی، "ئەو سیاسەتە نوێیە ئەو دەرگایانە دەکاتەوە کە پێشتر داخرابوون".
 
ئەو سیاسەتە نوێیەی کە وەزیری کۆچبەرانی ئیسپانیا باسی لێوە دەکات، لە نیسانی 2025 جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت و بە بەشێک لە هەوڵەکانی ئیسپانیا بۆ فراوانکردنی دەستی کار لەو وڵاتە دادەندرێت. 
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا چەندین جار ئەو سیاسەتەی کە وڵاتەکەی بەرامبەر بە کۆچبەران گرتوویەتییە بەر بە هۆکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمی رێژەی لەدایکبوون ناوبردووە. 
 
ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری نایاسایی بۆی دەچن. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، زیاتر لە 54 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە و بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە 15٪ زیادیکردووە.
 
لە ئابی ئەم ساڵ، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سێ جار سەردانی هەریەکە لە مالی، سەنیگال و مۆریتانیای کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە رێگە لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بگرێت. 
 
بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرە بێ بەڵگەنامانەی کە لە ئیسپانیا دەژین وەکو فرۆشیاری میوە، چاودێرانی خانەی بەساڵاچووان و کارمەندانی دیلیڤەری کار دەکەن.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، ئەگەر کۆچبەران هیچ مافێکی یاساییان نەبێت، ئەوا لەلایەن باندە تاوانکارییەکان بەشێوەیەکی خراپ بەکاردەهێندرێن.