رووسیا بە مووشەکی کیشوەربڕ هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئۆکراینا رایدەگەیێنن، رووسیا لە شاری ئەستراخانی وڵاتەکەیەوە بە مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ هێرشی کردووەتە سەر شاری دنیپرۆ لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، ئەوەش یەکەمجارە رووسیا بەوجۆرە مووشەکە دوورمەودا و بەهێزانە هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2024، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکە لە هەرێمی ئەستراخانی رووسیای فیدراڵەوە ئاراستە کراوە و ژێرخانی گرنگی کردووەتە ئامانج".
 
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی کیێڤ زانیاریی وردیان لەسەر ئەو شوێنانە بڵاونەکردووەتەوە کە مووشەکەکە کردوویەتییە ئامانج و زیانەکانیشی ئاشکرا نەکراوە. 
 
خێرایی مووشەکە بالیستییە کیشوەبڕەکانی رووسیا 19 هەزار کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و دەتوانێت لە دووری 18 هەزار کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا باسی لە جۆری ئەو مووشەکە بالیستییە کیشوەربڕە نەکردووە کە رووسیا بەکاریهێناوە، بەڵام دەڵێت، لەکاتی هێرشەکەدا توانیویانە شەش مووشەکی کروزی جۆری Kh-101 بخەنە خوارەوە. 
 
ئەو هێرشەی رووسیا لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە ئۆکراینا مووشەکی دوورمەودای دروستکراوی ئەمریکا و بەریتانیای بۆ ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکارهێنا، هەنگاوێک کە مۆسکۆ چەندین جار هۆشداری لەبارەیەوە دابوو. 
 
هەروەها رۆژی سێشەممەش، وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، سوپای ئۆکراینا بە مووشەکی ATACMSـی ئەمریکی هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، رۆژی 17-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "بردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی ئامانجەکانی لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت. 
 
بڕیارەکەی بایدن لەکاتێکدایە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت.
 
ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، کۆتایی بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەهێنێت.
 
رۆژی 18-11-2024 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند: "ئاشکرایە کە ئیدارەی ئێستای واشنتن دەیانەوێت ئەو هەنگاوانە بنێن کە دەبنە هۆی خۆشکردنی ئاگرەکە و دنەدانی زیاتری تەنگژە و گرژی."
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکراینا لە لایەن ئەمریکاوە رێگەی پێبدرێت هێرش بکاتە نێو قووڵایی رووسیا، "ئەوکات رووسیا بە گوێرەی هەڕەشەکان بڕیاری گونجاو دەدات."
 
پێشتر ئیدارەی بایدن دژی ئەوە بوو کە رێگە بە ئۆکراینا بدرێت چەک و مووشەکی دوورمەودا لەنێو رووسیا بەکاربهێنێت و هۆشداری دابوو لەوەی کە ئەو هەنگاوە خزمەت بە ئۆکراینییەکان ناکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە