رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پێشوازی لەو هەنگاوە گرنگانەی ئێران بۆ رازیبوون بە سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەکەن. دەشڵێت، تاران هەنگاوی سەرەتایی بۆ ئەو مەبەستە ناوە.
رۆژی چوارشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2024، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لووتکەی دەستەی بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستیپێکرد. لووتکەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
رافایێل گرۆسی، بەرپرسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی هەنگاوە سەرەتاییەکانی تاران بۆ سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێموایە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەیەکی دروستدا. زانیاریی پشتڕاستکراوەمان لەوبارەوە هەیە."
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "گرنگە ئاماژە بەو راستییە بۆ یەکەمجار لەدوای دوورکەوتنەوەی ئێران لە پابەندبوونی بە بەرپرسیاریێتییەکانەوە بدەم کە ئەوان ئێستا رێگەیەکی جیاوازیان گرتووەتەبەر."
هەفتەی رابردوو، رافایێل گرۆسی سەردانی ئێرانی کرد و لە تاران لەگەڵ لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەوە.
مەسعود پزیشکیان، رایگەیاند: "بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەپێی فەتوای رێبەری ئێران قەدەخەیە، ئێمەش لەسەر بنەمای ئەوە ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم رادەگەیێنین، بە مەبەستی لادانی ئەو ناڕوونی و گومانانەی کە گوایە لە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتیخوازییەکانی وڵاتەکەماندا هەن".
گرۆسی گوتی: "ئاژانسی وزەی ئەتۆم و ئێران ماوەیەکی زۆرە هەماهەنگییان کردووە، ئێستا کاتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجامێکی باش و ئەو پەیامە بۆ جیهان بنێرین کە رێگایەکی دیکە هەڵدەبژێرین جگە لە رووبەڕووبوونەوە".
پلانی وڵاتانی رۆژئاوا چییە؟ ئێران دەیەوێت چی بکات؟
پێش دەستپێکی لووتکەکەی ئەمڕۆ، ژمارەیەک وڵاتانی رۆژئاوا پڕۆژەی بڕیارنامەیەکیان پێشکێشی دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسەکە کرد. بە گوێرەی پرۆژەکە، ئەو وڵاتانە دەیانەوێت سەرکۆنەی هاوئاهەنگی لاوازی تاران لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.
پێشتر چەند جارێک بەرپرسانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردبوو، هەر پرۆژەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری پرسەکە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئەی ئێف پی و رۆیتەرز، لە بەرامبەر پەسندنەکردنی پرۆژەیاساکە ئێران بەڵێنی بە دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 60٪دا دەهێڵنەوە.
لەبارەی بەردەوامیی ئێران لەسەر سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بەرپرسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جەختی لەوە کردەوە، بە زیادبوونی گرژییەکان، پابەندبوونی ئێران بەو پرسە کەمدەبێتەوە.
ئێران و زلهێزەکانی جیهان لە ساڵی 2015 رێککەوتنی ئەتۆمییان واژۆکرد بۆ ئەوەی ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات، لە بەرامبەر ئەوەی سزا ئابوورییەکانی سەری لاببرێن. بەڵام ساڵی 2018 ئەمریکا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکات لێی کشایەوە و دووبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ