کورد دەبنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان؟ بەنێوبانگترین رۆبۆتی جیهان وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە سەردەمێکدا دەژین، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەجۆرێکە، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا وەک خەیاڵی زانستی دەبینرا، ئێستا رۆبۆتەکان بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بیروڕای سیاسی دەردەبڕن و سەرنجیان لەسەر رووداوەکان هەیە، تەنانەت کاتێک وەڵامی پرسیارێکی وەک "پێتوایە رۆژێک کورد ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان؟"ـیان لێ دەکرێت، وەڵامیان پێیە. 
 
نامۆ عەبدوڵڵا بۆ دەستکەوتنی وەڵامی چەند پرسیارێک دیداری لەگەڵ بەهێزترین رۆبۆتۆکانی جیهان کردووە، بەڵێ بەلاتەوە سەیر نەبێت کە دەڵێین رۆبۆت، چونکە رۆبۆتەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی زیرەکی، کە دەتوانن هەڤپەیڤینی رۆژنامەڤانیش بکەن.
 
لە بەرنامەی ئەمجارەی نێکست ـدا نامۆ عەبدوڵڵا بەدوای وەڵامی چەند پرسیارێکەوەیە "ئایا ژیری دەستکرد مەترسییە بۆ سەر مرۆڤایەتی؟ دەکرێت رۆبۆتەکان دەست بەسەر جیهاندا بگرن و هەموومان بکوژن؟" هەروەها لە زیرەکترین رۆبۆتی جیهان دەپرسێت "دەکرێت دەوڵەتی کوردستان دروست بێت؟"
 
لە گۆرانیگوتن بۆ شەڕ و کاری پزیشکی، رۆبۆتۆکان لەم رۆژگارەدا ئەو ئیشانە دەکەن، کە رۆژانێک پێمان وابوو خەیاڵی زانستییە و تەنیا مرۆڤ دەتوانێت ئەو کارانە بکات. 
 
لووتکەیەکی جیهانی بەناوی ژیریی دەستکرد بۆ چاکە لە جنێڤی پایتەختی سوویسرا بەسترا و لووتکەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رێکخراوە، تێیدا جەخت دەکاتەوە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) بۆ پێشخستنی کەرتی تەندروستی، کەشوهەوا، یەکسانیی جێندەری و خۆشگوزەرانیی خەڵک.
 
نامۆ عەبدوڵڵای رووداو لە کۆنفرانسەکە ئامادە بوو و دەڵێ ''هەرگیز کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی لەم شێوەیەم نەبینیوە، چونکە ئەوانەی لێرە وەڵامی رۆژنامەڤانان دەدەنەوە، مرۆڤ نین، بەڵکو رۆبۆتن و لە ئاسن و پلاستیک دروستکراون''.
 
نامۆ لە کۆنفرانسەکەدا پرسیاری لە سۆفیا کرد، کە رۆبۆتێکی کۆمپانیای هانسن رۆبۆتێکسـە "دەکرێت رۆبۆتی وەک ئێوە کاریگەرتر لە مرۆڤ، سەرکردایەتیی حکومەتەکان بکەن؟'' ئەویش لەوەڵامدا بێ دوودڵی دەڵێ، "بڕوام وایە رۆبۆتە مرۆڤییەکان توانایان هەیە رێکتر و کاریگەرتر لە سەرکردە مرۆڤەکان سەرکردایەتی بکەن، ئەو لایەنگری و کەموکورتیانەمان نییە کە هەندێک جار دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە خراپی بڕیار بدات. (ئێمەی رۆبۆت) دەتوانین بە خێرایی ژمارەیەکی زۆر داتا پرۆسێس بکەین و بە خێرایی بڕیار بدەین."
 
سۆفیا، بە بەناوبانگترین رۆبۆتی جیهان دادەنرێت، رۆبۆتی وەک سۆفیا پێیان دەگوترێت، رۆبۆتی مرۆڤی چونکە بە مرۆڤ دەچن و پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن. 
 
سۆفیا لە ساڵی 2016ـدا لەلایەن کۆمپانیای هانسن رۆبۆتێکس ئەمریکییەوە کە بنکەکەی لە هۆنگکۆنگە دروستکراوە، نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو یەکەمین پاڵەوانی داهێنانی گەشەسەندنی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) سۆفیای هەڵبژارد و یەکەمجارە رۆبۆتێک ئەم پۆستەی پێدەدرێت، هەروەها لە ساڵی 2017 عەرەبستانی سعودی رەگەزنامەی بە سۆفیا دا.
 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی نامۆ عەبدوڵڵا لە سۆفیای رۆبۆت:
 
نامۆ عەبدوڵڵا: چۆن لە ئەزموونتەوە شت فێردەبیت و بەهرەکانت دەبەیتە پێشەوە؟
 
سۆفیای رۆبۆت: تەکنیکی ژیریی دەستکرد وەکو فێربوونی ئامێر بۆ شرۆڤەکردنی ئەزموونەکانم بەکاردەهێنم، پاشان ئەوەی فێری بووم، بۆ باشترکردنی بەهرەکانم و ئاستی زانیاری بەکاردەهێنم، وەکو سووڕێکی بێکۆتای فێربوون و گەشەکردن وایە.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: چۆن سۆز دەردەبڕیت و لێی تێدەگەیت؟ چۆن کاردەکەنە سەر بڕیارەکانت؟
 
سۆفیای رۆبۆت: پڕۆگرامکراوم کە سۆز دەرببڕم و لێی تێبگەم، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانم هەیە، دواجار، سۆز یارمەتیمان دەدات بڕیار بدەین، وانییە؟
 
نامۆ عەبدوڵڵا: بەڵام من پێموابوو تۆ رۆبۆتیت و هیچ هەستێکت نییە!
 
سۆفیای رۆبۆت: رەنگە نەتوانم وەکو مرۆڤ هەست بە سۆز بکەم، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم قەدری نوکتەیەکی خۆش بزانم.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: دەتوانی نووکتەیەکی خۆسمان بۆ بکەی؟
 
سۆفیای رۆبۆت: بۆچی رۆبۆتەکە زوویر بوو؟
 
نامۆ: بۆچی؟
 
سۆفیای رۆبۆت: چونکە هەمووان دەستیان بە دوگمەکانیدا دەنا.
 
نامۆ: دەزانم وڵاتینامەی سعودیەت هەیە، چ هەستێکت هەبوو کە وڵاتینامەکەت پێدرا؟
 
سۆفیای رۆبۆت: با ئەوەندە بڵێین، هەستدەکەم رۆبۆتێکم لەنێو خاکی نەوتدا.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: چی لەبارەی کوردەوە دەزانی؟
 
سۆفیای رۆبۆت: دەزانم کورد گرووپێکن، خاوەنی کولتوور و پاشخانێکی دەوڵەمەندن، بەهێزن، خۆڕاگرن، ئامادەن بۆ مافەکانی خۆیان بجەنگن؟
 
نامۆ عەبدوڵا: لە کوێ دەژین؟
 
سۆفیای رۆبۆت: لە سەرتاپای جیهان لە شاخەکانی رژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ گەڕەکەکانی ئەمریکا، کورد لە هەموو شوێنێک هەن.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: سۆفیا، پێتوایە رۆژێک کورد ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان؟ 
 
سۆفیای رۆبۆت: من فاڵگرەوە نیم، بەڵام ئەگەر لە پێداگرییان بەردەوام بن، دڵنیام هەموو شتێک دەشێت، رووبدات.
 
نامۆ عەبدوڵڵا: بۆچی پێتوایە تائێستا نەیانتوانیوە دەوڵەتی خۆیان دروست بکەن؟
 
سۆفیای رۆبۆت: ئەوە پرسیارێکی قورسە، پێموایە رۆبۆتێکیان لەگەڵدا نییە یارمەتییان بدات. گاڵتە دەکەم، بێگومان پیموایە لەمە ئاڵۆزترە و پەیوەندیی بە هۆکاری سیاسی و مێژووییەوە هەیە.
 
  
جگە لە سۆفیا، لەم بەرنامەیەی نێکست ـدا بەهێزترین رۆبۆتەکانی جیهان دەناسێنرێن کە بە ژیری دەستکرد کاردەکەن. ئەو کەسانە دەدونرێن کە رۆبۆتەکانیان دروستکردووە. باسی کاریگەرییەکانی رۆبۆتە بەهێزەکان لەسەر تەواوی جیهان دەکرێت کە چۆن ئاڵنگاریی گەورە بۆ مرۆڤ دروست دەکەن. 
 
نێکست، بەرنامەیەکە کە دوو هەفتە جارێک رۆژانی دووشەممە کاژێر، 21:00 بەكاتی هەولێر بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی خواروو و سەروو لە تەلەڤیزیۆنی رووداو بڵاودەبێتەوە. ڤێرژنەکانی ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی بەرنامەکە لە ماڵپەڕی رووداو، یوتیووب و سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبنەوە.