بایدن بووە 81 ساڵ

21-11-2023
نیشانەکردن جۆ بایدن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێی نایە تەمەنی 81 ساڵییەوە و لەگەڵ هەموو رۆژێكدا دەچێتە سەر تەمەنی، دەرفەتی هەڵبژاردنەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2024 کەمتر دەبێتەوە.
 
هەرچەندە تەمەنی بایدنی 46ـەمین سەرۆکی ئەمریکا بەر رەخنەی بەشێک لە میدیا و شەقامی ئەمریکای داوە، بەڵام ئەو بەرگری لەخۆی دەکات و تەمەنی زۆر بە داناییەوە دەبەستێتەوە.
 
بایدن هەندێ جاریش بابەتی تەمەنی دەکاتە گاڵتەجاڕیی بەردەم میدیا؛ لە گوتارێكیدا لەبەردەم کرێکارانی کارگەیەکی پیشەسازی ئۆتۆمبێل و لەکاتی کەوتنی کرێکارێک؛ گوتارەکەی بڕی و هەواڵی کرێکارەکەی پرسی، پاشان بە پێکەنینەوە رووی کردە کامێراکان و گوتی "دەمەوێت میدیاکان ئەوە بزانن؛ ئەوەی کەوتووە، من نیم."
 
بایدن کە رۆژی دووشەممە تەمەنی بووە 81 ساڵ لە مێژووی ئەمریکا بەتەمەنترین سەرۆکە، ئەگەر هەڵببژێردرێتەوە ئەوا لە چوارەم ساڵی سەرۆکایەتییدا لە تەمەنی 86 ساڵیدا دەبێت، کە بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان، تەمەنێکی گونجاو نییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
 
بەگوێرەی دوایین راپرسیی پەیمانگەی سینا کە لە شەش ویلایەتی ئەمریکا کراوە، دەرکەوتووە 71٪ـی بەشداربووان پێیانوایە تەمەنی بایدن بەربەستە بۆ هەڵبژاردنەوەی.
 
هەمان پرسیار سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە خەڵک کراوە و لە 39٪ـیان پێیانوابووە تەمەنی ترەمپی 77 ساڵ، بەربەستە بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا.
 
لەگەڵ هەموو ئەو رەخنانە تۆماری تەندروستی بایدن پاکە و هیچ ئاماژەیەک نییە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبێت.
 
جەی ئۆلشانسکی، لێکۆڵەر لە بواری فیسیۆلۆجی و تەمەن دەڵێت ئەم سەردەمە چیدیکە وەک رابردوو نییە و ئەو هەموو سەرنجە لەسەر تەمەنی 80 ساڵی بایدن دادوەرانە نییە، چونکە لەم سەردەمەدا خەڵکێکی زۆر هەن تەمەنیان 80 ساڵە و کار و ئەرکەکانیان زۆر بە جوانی و بەبێ هاوکاریی هیچ کەسێک دەکەن.
 
ئۆلشاناسکی بایدن و ترەمپ بە "بەتەمەنە بەهێزەکان" ناودەبات، کە مەبەست لێی ئەو کەسانەن کە تەمەنێكی زۆریشیان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە رووی فیزیکییەوە توانای کارکردنیان هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.