بەهۆی بوومەلەرزەیەک لە ئیندۆنیزیا 56 کەس گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 21-11-2022، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 لە دوورگەی جاوای ئیندۆنیزیایدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، تائێستا 56 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 700 کەسیش بریندارن.
رەزوان کەمیل، حاکمی هەرێمی جاوا رایگەیاند: "داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن تائێستا 56 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 700 کەسیش بریندار بوون، برینی بەشێکیان سەختە"؛ گوتیشی، بەهۆی خراپی ژێرخانی ناوچەکەوە زیانێكی گەورە بە ماڵەکان گەیشتووە و خەڵکانێکیش لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە بۆیە پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییان زیاتر بێت.
ناوەندی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، بوومەلەرەزەکە لە دووری 100 کیلۆمەتر لە جاکارتای پایتەختدا روویداوە و دانیشتووانی ئەو شارە بە بەهێزی هەستیان پێکردووە و لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە و لە شەقامەکان ماونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هیرمان سوهرمان، بەڕێوەبەری خۆجێیی ناوچەی سیناجور رایگەیاند، لە سەرەتای روودانی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە 300 کەس برینداربوون و بەپەلە لەلایەن تیمە تەندروستییەکانەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
سوهرمان راشیگەیاند: "بەهێزی بوومەلەرزەکە بووە هۆی رووخانی سەدان ماڵ. هەروەها چەندین ناوەندی تەندروستی و نەخۆشخانە و قوتابخانە رووخاون و خەڵکێکی زۆریش لەژێر داروپەردوویاندا گیریان خواردووە."