سێیەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لە بەحرەین

21-11-2021
گۆڤەند مستەفا
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی سەنگاپوور
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی سەنگاپوور
نیشانەکردن IISSMD21
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی دایەلۆگی مەنامە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سەنگاپوور کۆبووەوە.
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو لە مەنامە، رایگەیاند: لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی دایەلۆگی مەنامە، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-11-2021، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زاکی محەممەد، وەزیری بەرگریی سەنگاپوور کۆبووەوە.
 
سەنگاپوور یەکێکە لەو وڵاتانەی کە رۆڵێکی گەورەی لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تووندئاژۆکان و تیرۆر هەیە لە ناوچەکە، هەرچەندە لە میدیاکان کەمتر ناوی سەنگاپوور دەهێندرێت لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بە گوتەی ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەنێوان سەنگاپوور و هەرێمی کوردستاندا هەبووە، لەسەر ئەو بنەمایەش سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سەنگاپوور کۆدەبێتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و کاری پێکەوەیی هەرێمی کوردستان و سەنگاپوور تاوتوێدەکرێن.
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە 17ـیەم کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە" لە بەحرەینە کە 300 بەرپرسی نێودەوڵەتی و شاندی زیاتر لە 40 وڵات بەشداری تێدا دەکەن.

 

 
 
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە لەگەڵ شاندی وڵاتان کۆدەبێتەوە. بە گوتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکان تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکەیە، دۆخی عێراقە، هەڵبژاردنەکانە، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووە، مەسەلەی داعش و دروستبوونەوەی داعش و مەترسییەکانی داعش. ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە هەموو کۆبوونەوەکان باسی لێوە دەکرێت و بیروڕای جیاواز ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
 
مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە کۆدەبێتەوە
 
لە پەراوێزی سێیەمین رۆژی دایەلۆگی مەنامە، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە. 
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان کە لە مەنامەیە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 21-11-2021، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سەنگافوورە، مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە.
 
بڕیارە دوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ وەزیری دەوڵەتی ئیمارات، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان و دوای ئەویش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەحرەین کۆببێتەوە.
 
هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی لەنێوانیاندا هەیە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لە ماوەکانی رابردووشدا سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشتریش سەرۆک مەسعود بارزانی چەندجارێک سەردانی ئیماراتیان کردووە لەسەر ئاستی باڵا پێشوازییان لێکراوە.

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبوونەوە

 
رۆژی یەکشەممە 21ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین، لەگەڵ نیکۆس دەندیاس وەزیری دەرەوەی یۆنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان تاوتوی کرا.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان "چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان ، رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش ، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور، بارودۆخی سووریا و ناوچەکە" چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەحرەین کۆبوونەوە
 
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامە لەگەڵ عەبدوللەتیف ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرەین بوو.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و گرنگیی فراوانکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هاوبەشن تاوتوێکران.
 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی بەحرەین

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە