ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52ی گەڕاندەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B52ی گەڕاندەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فەرماندی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "فڕۆکەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و پاراستنی سەلامەتیی هاوبەش و هاوپەیمانانە."
 
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکەیان گەشتێکی دوورمەودای بێوەستانی بە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، ئەو تاقیکردنەوەیە هێز و توانای ئەمریکا پیشاندەدات کە دەتوانێت لە کاتێکی کەمدا زلهێزی ئاسمانی بە هەموو ناوچەیەکی جیهاندا بڵاوبکاتەوە و خێرا بچێتە پاڵ ئەو هێزانەی کە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی دەپارێزن.
 
گریگ گیۆ، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "جووڵەپێکردنی ئەو هێزانە بە خێرایی گرنگیی خۆی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان."
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری بە وەکالەت ئامادەی بوون، داوای کردووە بژارە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بخەنەڕوو. ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، ئێران 12 بەرامبەری یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لە کۆگایەکیدا هەیە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوە، کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بە وەکالەت و ژەنەراڵ میلی، سەرۆک ئەرکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە دۆناڵد ترەمپ کە هەر جۆرە هێرشێک لە دژی دامەزراوەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی دەکرێت پەلبکێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی فراوان، ئەویش لە دوایین هەفتەکانی ئیدارەی ترەمپدا.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژارنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا شکستی هێناوە و تاوەکو 20ـی کانوونی دووەم لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندووە کە ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و جارێکی دیکە هەوڵدەدات پابەند بن بە تەواوی مەرجەکانەوە، لەوانە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لە دژی ئێران.
 
ئەگەر ئیدارەی ترەمپ هێرشێکی سەربازی بکات، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا بخاتە دۆخێک کە رەنگە ئاڵۆزبێت و ئاسان نەبێت جۆ بایدن جارێکی دیکە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران زیندووبکاتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی نیۆیۆرک تایمز کە پشتی بە ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای ئیدارەی ترەمپ و هەندێک بەرپرسی پێشووی ئەمریکا بەستووە، هەرجۆرە هێرشێک -جا سەربازی بێت یان هێرشی ئینتەرنێت- لە دژی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەبێت کە گەورەترین دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانە و دەکەوێتە باشووری تارانی پایتەخت.