بۆ یەکەم جار کۆمپانیایەکی کوردی بەشداری لە گەورەترین پێشانگەی فەرەنسی بۆ خۆراک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی نێودەوڵەتیی خۆراک، یانیش 'سیال' لە پاریس بەڕێوەدەچێت و بۆ یەکەم جار کۆمپانیایەکی کوردی لە پێشانگەکە بەشدار دەبێت.
بەتامترین بەرهەم و نوێترین شێوازەکانی بەرهەمهێنان، پاکێجکردن و گواستنەوەی سەرتاسەری جیهان لەم پێشانگەیە دا دەخرێنەڕوو.
لە ساڵی 1964ـەوە، واتە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم پێشانگەیەوە، یەکەم جارە کۆمپانیایەکی کوردستانی بە بەرهەمەکانیەوە بەشدریی تێدا دەکات.
کۆمپانیای جیهان، بە بەرهەمەکانیەوە، کە لە ئاستێکی پێشکەوتوو دا دروستدەکرێن، پاکێجدەکرێن و بە کوالێتییەکی بەرز دەخرێنەڕوو، هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەماکانی دەدات.
خالید وەلی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای جیهان دەڵێت: "ئێمە وەکو کۆمپانیای جیهان، سەر بە گرووپی کۆمپانیاکانی جیهانین. دەتوانم بڵێم، یەکەم کۆمپانیایە کە لە ئاستی ئەم پێشاگەیە دا بەشداریمان کردووە، کە پێشانگەی سیالە. ئەوەش بۆ ناساندنی بەرهەمەکانی جیهان بە هەموو جیهان. ئێمە ئێستا بەرهەمەکانمان لە 15 وڵاتی جیهان هەن. لە وڵاتانی ئەورووپا، لە ئەڵمانیا، سوێد، بەلجیکا، نەرویج، فینلاند و بەریتانیا بەرهەمەکانمان هەن. لە دەرەوەی ئەورووپاش، بەرهەمەکانمان لە ئوسترالیا و ئەمریکاش هەن."
بەگوتەی بەرپرسێکی پێشانگاکە، ئەم ساڵ پێشانگەکە تایبەتە. لە 172 وڵاتەوە نزیکەی حەوت هەزار و 500 کۆمپانیا لە پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەتەوە.
ژان گابریێل مۆلارد، بەڕێوبەری مارکێتینگ و پەیوەندییەکانی پێشانگەی سیال دەڵێت: "ئەم ساڵ ئێمە 7,500 نمایشکارمان هەن و ئەمە گەورەترین پێشانگەیە کە رێکمانخستووە. ئەمە شەستەمین ساڵیادی پێشانگاکەیە و فراوانبوونە بۆ سەرتاسەری جیهان، بەڵام ئەم ساڵ زۆر جیاوازە، ئێمە چاوەروانی 300 هەزار سەردانیکەر دەکەین. ئەم پێشانگەیە زۆر پیشەگەرانەیە، تەنیا پرۆفێشیناڵەکان لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە هاتوون، بەشداربوومان لە 172 وڵات هەن کە بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو؛ لە 90٪ـی لە دەرەوەی فەرەنسا دێن و سەردانکەرەکانیش 20٪ـی فەرەنسین، 40٪ـیان ئەورووپین و 40٪یش لە وڵاتەکانی دیکەی جیهانەوە دێن."
تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان، بەرهەمهێنانی ژینگەدۆست، تەندروستی و ریسایکلین و بەهای خۆراک پرسی سەرەیی پێشانگەی سیالن لە پاریس.