مێتا و گوگڵ لووتکەیەکی تەکنەلۆجی بایکۆت دەکەن چونکە رێکخەرەکەی قسەی دژی ئیسرائیل کردووە

21-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن گوگڵ مێتا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیا ئەمریکییەکانی مێتا و گوگڵ لە لووتکەیەکی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان دەکشێنەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی رێکخەری لووتکەکە رەخنەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گرتبوو. 
 
لووتکەی وێب، یەکێکە لە گەورەترین کۆنفرانسە ساڵانەییەکانی بواری تەکنەلۆجیا لەسەر ئاستی جیهان و لە شاری لیشبۆنی پایتەختی پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت. مێتا و گووگڵ رۆژی هەینی (20-10-2023) رایانگەیاند، بەشداری لە کۆنفرانسەکەی ئەم ساڵدا ناکەن. 
 
لە بارەی ئەوانەی بەرگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن، پادی کۆسگرەیڤ، وەبەرهێنەری ئێرلەندی و هاودامەزرێنەری لووتکەی وێب، رۆژی 13ـی تشرینی یەکەم، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیبووی، "شۆک بووم بە قسە و کرداری زۆر سەرکردە و حکومەتی رۆژئاوایی. تاوانی جەنگ، تاوانی جەنگە تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانەکانیشمان ئەنجامی بدەن. پێویستە بە ناوی خۆیان ناویان بێنین."
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و لە ئەنجامی ئەو ‌هێرشە و مووشەکەکانی رۆژانی دواتردا، هەزار و 400 کەسیان کوشت کە ئیسرائیل دەڵێت، زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.  
 
ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی هەزار و 500 چەکداری حەماسی کوشتووە، پێش ئەوەی سوپای وڵاتەکەی ئۆردووگاکانی باشووری ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە کۆنترۆڵ بکاتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، کە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکی سڤیلن.
 
بایکۆتەکەی کۆمپانیاکانی مێتا و گوگڵ دوای ئەوە دێت؛ گەورە کۆمپانیاکانی ئینتێڵ، سایمنز و ژمارەیەک کەسایەتی و هونەرمەندی ئەمریکی لە کۆنفرانسەکە کشانەوە. 
 

بڕیارە لووتکەی وێب میوانداریی نزیکەی دوو هەزار و 300 کۆمپانیای تازە دەستبەکاربووی بواری تەکنەلۆجیا و 70 هەزار کەس لە لیشبۆن بکات، کە لە 13 تاوەکو 16ـی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت. 
 
پادی کۆسگرەیڤ رۆژی سێشەممە پەشیمانبوونەوەی خۆی لە قسەکانی دەربڕی. 
 
کۆسگرەیڤ گوتی، "تێدەگەم لەوەی ئەو شتەی گوتم، لەو کاتەی گوتم و بەو شێوازەی گوتم، بووەتە هۆی ئازاردانی زۆر کەس. بۆ هەموو ئەوانەی بەهۆی وشەکانمەوە برینداربوون، داوای لێبوردن دەکەم. ئەوەی لەم کاتەدا پێویستە، هاوسۆزییە و منیش ئەوەم نەکرد."
 
کۆسگرەیڤ هەروەها گوتی، "بە هەموو شێوەیەک" سەرکۆنەی هێرشە "قێزەون و دڕندانەکەی" حەماس دەکات و، "بە هەموو شێوەیەک" پشتیوانی لە "مافی مانەوەی ئیسرائیل و بەرگری لەخۆکردنی" دەکات. 
 
هەروەها گوتی، پێویستە ئیسرائیلیش پابەندبێت بە پەیماننامەی جنێڤ و "تاوانی جەنگ ئەنجام نەدات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 گرووپێکی هاکەر بەناوی (42APT) کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە، ماڵپەڕی کەسە ناودارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەنە ئامانج

گوگڵ: ئێران هەوڵی هاککردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ و هاریس دەدات

کۆمپانیای گوگڵ دەڵێ، تیمێکی تایبەتی هاککاران کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەوڵی هاککردنی ماڵپەڕە تایبەتییەکانی تیمی هەڵبژاردنی بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایان داوە.