لە مەکسیک ئامێرێک بۆ رۆیشتنی منداڵانی ئیفلیج دروستدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دەبێ لەو هەستە خۆشتر هەبێت منداڵێکی ئیفلیجیی مێشک کە توانای رۆیشتنی لەدەستداوە، بە قاچەکانی خۆی بڕوات؟ ئەمڕۆ دەیڤیدی تەمەن 8 ساڵ لە مەکسیکۆی پایتەختی مەکسیک، بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا لە رێگەی داهێنانێکەوە بە قاچەکانی 
خۆی دەڕوات.
 
رۆیشتنێک بەلای بەشێکی زۆری خەڵکەوە ئەستەم بوو، بەڵام ئەو رۆیشتنە زەردەخەنەی خستووەتە سەر رووخساری دەیڤد. گوادالوپە کاردۆس، دایکی دەیڤد دەڵێت، "دەبینم کە هێزی زیاتر دەدات بە ئەژنۆکانی، بەرەوپێشچوون لە رۆیشتنەکەی بەدی دەکەم. زۆر حەزی بە رۆیشتنە. ئەوەتا یەکەم هەنگاوەکانی دەهاوێژێت. ئەمە خۆشیێکە بۆ ئەو. زۆر دڵخۆشە."
 
ئیفلیجییەکە چەند ساڵێکە دەیڤدی لەسەر کورسیی نڤیشکان هێشتبووەوە، وایکرد توانای بیستنیش لەدەستبدات. بەڵام لە زەردەخەنەکەیەوە دیارە ئامێرەکە کە بە ئێکسۆسکێلێتۆن ناودەبرێت، چەند هاریکارە بۆ رێکردنی ئەو منداڵە.
 
ئارتورۆ پالافۆکس سانشێز، پزیشکی فیزیکی دەڵێت، "زۆر دڵمان خۆشە کە توانیومانە ئەم ئامێرە بەرهەمبێنین و بەکاریبێنین بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئەم شتانە. وەکو پزیشکی فیزیکی، ئەمە هانمان دەدات لە داهاتوودا شتی زیاتر دابهێنین."
 
ئێکسۆسکێلێتۆنی ئەتڵەس لەلایەن ئێلێنا گارسیا ئارمادای ئەندازیاری ئیسپانی دروستکراوە کە بەهۆی ئەو داهێنانەوە خەڵاتی داهێنانی ئەوروپی وەرگرتووە.
 
ئێکسۆسکێلێتۆنەکە لە پۆشاکێکی رۆبۆتی دەچێت، کەسی ئیفلیج دەیکاتە بەری و لە خوارەوە لە قاچەکانی دەبەسترێتەوە، بە یارمەتیی چوار تایە جوڵە دەکات، کە ئەم تایانە ناهێڵێت کەسەکە بە هیچ لایەکدا بکەوێت.
 
مەکسیکۆ سێیەم وڵاتە لە دوای ئیسپانیا و فەرەنسا کە هیوای وایە بەم ئامێرە خزمەت بە 200 منداڵی ئیفلیج بکات. نرخی هەردانەیەک لەم ئێکسۆسکێلێتۆنە کە هەندێک خەڵك ناویان ناوە رۆبۆت، 250 هەزار دۆلارە.