جۆرجیا میلۆنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئیتاڵیا راسپێردرا

21-10-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جۆرجیا میلۆنی، سەرکردەی راستڕۆی ئیتاڵیا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە راسپێردرا، بەوەش دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی ئیتاڵیا؛ دوای ئەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوودا سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەستهێنا. 
 
دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو پارتەکانی نێو پەرلەمان، سێرجۆ ماترێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا ئەمڕۆ هەینی 21-10-2022، جۆرجیا میلۆنی راسپارد کابینەی نوێ پێکبهێنێت. بڕیارە هەر ئەمشەو میلۆنی ناوی وەزیرەکانی ئاشکرا بکات و هەفتەی داهاتووش سوێندی دەستووری بخۆن. 
 
ماوەیەکی کەم دوای راسپاردنی، میلۆنی جیانکارلۆ جۆرجێتیی وەکو وەزیری ئابووری دەستنیشانکرد، کە لە ئیدارەی پێشووی ماریۆ دراگیدا، هەمان پۆستی هەبوو. میلۆنی کە سەرکردایەتی پارتی برایانی ئیتاڵیا دەکات، دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژن و یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ئەوپەڕی راستڕۆ لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە سەرکردایەتیی ئیتاڵیا بکات. 
 
میلۆنی ئەمڕۆ هەینی گوتی، هاوپەیمانییەکەی کە لە پارتە راستڕۆ و ئەوپەڕی راستڕۆکان پێکهاتووە، کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت لەم قۆناخەدا، ئەو سەرکردایەتیی ئیتاڵیا بکات. 
 
پێش کۆبوونەوەی رۆژی هەینی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانی راسپێرداوی ئیتاڵیا گوتی، "ئامادەم حکومەتێک پێکبهێنم کە بتوانێت هۆشیارانە و لێهاتووانە رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی سەردەمەکەمان ببێتەوە."
 
دزەکردنی چەند تۆمارێکی دەنگیی سیلڤیۆ بێرلسکۆنی، کەسایەتیی تەمەن 86 ساڵانی راستڕۆی هاوپەیمانیی میلۆنی، کە دەردەکەوێت تێڕوانینێکی دۆستانەی بەرامبەر ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەیە، هاوپەیمانییەکەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی رووبەڕووی رەخنەی گەورە کردووەتەوە. بەڵام وێڕای رەخنەکان، لە کۆبوونەوەکەی رۆژیی هەینیدا بێرلسکۆنی لە تەنیشت میلۆنییەوە دەرکەوت. 

 

 
لە یەکەمین تۆماری دەنگیی دزەپێکراودا، بێرلسکۆنی بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە لە رۆژی لەدایکبوونیدا پووتین 20 بوتڵی ڤۆدکای بۆ ناردووە و پێی گوتووە ئەو "لەنێو پێنج باشترین هاوڕێیدا، یەکەمینە."
 
بێرلسکۆنی: ڤۆدکا و نامەی خۆشەویستی لە پووتینەوە
 
دواتر تۆمارێکی دەنگیی دیکە دزەی پێکرا کە تێیدا بێرلسکۆنی قسە بۆ ئەندامانی پارتەکەی دەکات. لەو قسانەیدا، بێرلسکۆنی کە چوار خول سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بووە، پشتیوانی لە پاساوی رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا دەکات و دەڵێت: ئۆکراینا و رۆژئاوا بە زۆر مۆسکۆیان خزاندووەتە نێو ئەو شەڕەوە. 
 
ئێستا سەرکردە راستڕۆکە دەڵێت، قسەکانی لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ کراوە و پشتیوانی لە هەڵوێستی ئیتاڵیا و یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی ئۆکراینا دەکات. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە مانگی رابردوو، بێرلسکۆنی بە میدیای وڵاتەکەی گوت، پووتین تەنیا دەیەوێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە "حکومەتێکی خاوەن خەڵکی شایستە" بگۆڕێت. 
 
ئەو دەنگە دزەپێکراوانە گوشاریان لەسەر جۆرجیا میلۆنی زیاتر کرد. ماتیو سالڤینی، سەرکردەی پارتی لیگ، کە هاوپەیمانێکی دیکەی میلۆنییە، بەهەمان شێوە وەکو یەکێک لە هەوادارانی پووتین سەیردەکرێت، بەڵام خانمە راستڕەوەکە پێویستی بە هەردوو پیاوەکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت زۆرینەیەک لە پەرلەمان پێکبێنن. 
 
راستڕۆکان لە پەرلەمان باڵادەستن
 
هەڵبژاردنی گشتیی ئیتاڵیا لە 25ی ئەیلوول بەڕێوەچوو کە تێیدا راستڕۆکان زۆرینەی کورسیەکانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانیان مسۆگەرکرد. 
 
لە ئەنجوومەنی نوێنەران کە 400 کورسی هەیە:
 
باڵی راستڕۆکان 237 کورسی هەیە؛ لەو کورسیانە 114یان لە دەستی پارتی برایانی ئیتاڵیادان. 
میانڕۆی مەیلەو چەپ: 84 کورسی
بزووتنەوەی پێنج ئەستێرە: 52 کورسی
جەمسەری سێیەم: 21 کورسی
ئەوانی دیکە: 5 کورسی
 
هەروەها لە کۆی 206 کورسیی ئەنجوومەنی پیران:
 
باڵی راستڕەوەکان 112 کورسی هەیە
میانڕۆی مەیلەو چەپ: 42 کورسی
بزووتنەوەی پێنج ئەستێرە: 28 کورسی
جەمسەری سێیەم: 9 کورسی
ئەوانی دیکە: 2 کورسی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە