دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دەستیپێکرد

21-09-2024
تەنیا ئەحمەد
لە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، تەنیا لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، نیو هامشایەر و ئالابامە رێگە بە دەنگدانی پێشوەختە نادرێت.
لە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، تەنیا لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، نیو هامشایەر و ئالابامە رێگە بە دەنگدانی پێشوەختە نادرێت.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەردوو شاری فێرفاکس و ئارلینگتنی ویلایەتی ڤێرجینیا، دەنگدانی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەستیپێکرد.
 
کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن و دەخوێنن، ئەوانەی نایانەوێت لە نۆرە بوەستن یان حەزیان لە کەشوهەوای سارد نییە، دەتوانن زووتر دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆیان بدەن.
 
ئەلیکزاندەر تۆماس، هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێت: "بێگومان دەنگم بە ترەمپ نەدەدا، پێم وابوو بایدنیش بەشی ئەوەی پێ نەمابوو ببێتەوە سەرۆک، بەڵام هەر کە کامالا هاریس لە شوێنی بایدن خۆی بەربژێرکرد، دەستبەجێ بڕیاری خۆم دا و پێم وایە ئەو بژاردەیەکی باشە."
 
دەنگدانی پێشوەختە سێ جۆری هەیە: رۆیشتن و دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکان، ناردنی دەنگ بە پۆستە یانیش بەجێهێشتنی دەنگ لە سندووقێکی تایبەت کە پێی دەگوترێت درۆپ بۆکس. 
 
لە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، تەنیا لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، نیو هامشایەر و ئالابامە رێگە بە دەنگدانی پێشوەختە نادرێت. 
 
ئارسەر ستیوارت، هاووڵاتیی ئەمریکییە و دەڵێت: "100٪ هاوڕای قسەکانی ترەمپ نیم، بەڵام پێم وایە ئەو بژاردەیەکی باشترە، ئەوەش لەبەر ئەو مێژووەی کە هەیەتی. ئەو دەتوانێت بەردەوامی بە ئابووریی سەردەمی خۆی بدات و بۆ ئاسایشی سنووریش زۆر باش بوو."
 
ماوەی دەنگدانی پێشوەختە لە پێنج رۆژ تاوەکو 50 رۆژە و بەگوێرەی ویلایەتەکان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی پرۆسەکە 23 رۆژ دەخایەنێت.
 
لە 20 ساڵی رابردوو خواست لەسەر دەنگدانی پێشوەختە زیادی کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی 2000ـدا 16٪ـی دەنگەکان پێشوەختە بوون؛ لە 2004ـدا 22٪ بوو؛ لە ساڵی 2008دا 30٪؛ لە 2012ـدا ٪33؛ لە 2016ـدا ٪40 و لە 2020ـیش بەهۆی کۆرۆناوە رێژەکە بۆ 64٪ بەرزبووەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە