لایەنگرانی دیموکرات و کۆمارییەکانی ئەمریکا دڵیان بە بانگەشە و بەربژێرەکانیان خۆشە
رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس، بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، لە شاری مادیسن لە ویلایەتی ویسکنسنە، لەژێر درووشمی "رێگەیەکی نوێ بۆ پێشەوە" قسە بۆ لایەنگرەکانی دەکات و رەخنەی تووندیش لە سەرەکیترین رکابەری دەگرێت.
کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ پلانێکی جیاوازی هەیە؛ پێشتر گوێتان لێم بووە کە گوتوومە، ئەو پیاوێکی جیدی نییە؛ بەڵام ئەنجامی گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی زۆر جیدییە. بڕۆن لە گووگڵ سەیرێکی پرۆژەی 2025 بکەن".
لەو کاتەوەی جۆ بایدن لە مانگی تەممووز بەهۆی زۆریی تەمەن و خراپیی تەندروستییەوە دەستی لە خۆبەربژێرکردن هەڵگرت و پشتگیری لە جێگرەکەی کرد، وزەیەکی نوێ بە پارتە شینەکەی ئەمریکا و لایەنگرانیەوە دەبینرێت و هیوایان بە خانمە بەربژێرەکەیان هەیە.
ئاندریا میچێل، مامۆستایە و دەڵێت: "بڕوام بە پەیامی ئازادیی کامالا هاریس هەیە کە رێگەیەکی نوێ بۆ پێشەوە دەنەخشێنێت؛ دەمێکە سیاسەتی ئێمە ژەهراوی بووە، بەتایبەت لەگەڵ درۆکانی دۆناڵد ترەمپ و لایەنگرەکانی."
سەرنجێکی گەورەی تیمی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپی کۆماریش لەسەر ویلایەتە یەکلایینەبووەوەکانە، وەک کارۆلاینای باکوور.
مایک جارۆسێویک، هاووڵاتیی ئەمریکییە و دەڵێت: "دیموکراتە لیبراڵەکان هیچ سیاسەتێکیان نییە خزمەتی خەڵکی ئەمریکا بکات. خەڵک بۆ دۆزینەوەی دەرفەت دێنە ئێرە، بەڵام وا هەست دەکەم ئەو دەرفەتە نەماوە. پشتگیری لە کۆچبەران دەکەم بەڵام بە رێگەیەکی راست و دروست. هەربۆیە سەرنجمان لەسەر سیاسەتە نەوەک کەسایەتی".
جەنگی نێوان هاریسی 59 ساڵ و ترەمپی 78 ساڵ تاوەکو 05-11-2024 بەردەوامە و ئەوکات خەڵک بە دەنگەکانیان براوە دەستنیشان دەکەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسی، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، کامالا هاریس 49.3٪ و ترەمپیش 47.4٪ـی دەنگەکان بەدەست دەهێننن، بەڵام دەکرێت هەموو شتێک لە چاوتروکانێک بگۆڕدرێت.