رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەیەوێت توانا سەربازییەکانی ئێران لە نزیکەوە ببینێت، بەو هیوایەی لە داهاتوودا سوودی لێوەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری بەرگریی رووسیا سەردانی ئێرانی کرد، ئەو هەنگاوەش نیگەرانیی ئەمریکای لێکەوتەوە.
سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ ئێران رایگەیاند، "تێبینیی ئەوە دەکەین دیالۆگی (رووسیا - ئێران) بەشێوەیەکی چڕ گەشەی کردووە. ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیەی [لەنێوانیان] هەبووە و سەرکردەکانی هەردوو وڵات گەشەیان پێداوە. ئامانجمان ئەوەیە تەواوی پلانەکانمان جێبەجێ بکەین، سەرەڕای دژایەتیکردنی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی [ئەمریکا]."
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی پەیوەندیی ئەو دوو وڵاتەوە دەڵێت، "لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە، ئێران زیاتر لە 1900 درۆنی جۆرەکانی شاهید و موهاجیری بە رووسیا داوە. لە بەرامبەردا رووسیا هاوکاریی تاران دەکات لە بەرنامە مووشەکییەکەی."
ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، ئێران بەنیازە هاوکاریی رووسیا بکات بۆ دانانی کارگەیەکی دروستکردنی درۆن لە رووسیا کە ئامانج لێی دروستکردنی 6000 درۆنە تاوەکو ساڵی 2025."
بەڵام ئەو هاوئاهەنگییە سەربازییەی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوای نیگەران کردووە.
ژەنەراڵ ئەلێکسیس گرینکویچ، فەرماندەی ناوەندی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دەڵێت، "نیگەرانم لەبارەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و ئێران و ئەو درۆنانەی بۆ رووسیا دابین دەکرێن. پێموایە مەترسی هەیە کە ئەو درۆنانەی رووسیا لەلایەن ئێرانەوە پێیدەدرێت، هەندێکیان گۆڕانکارییان تێدا بکرێت و جارێکی دیکە دەردێتەوە بە ئێران ئەمەش تواناکانی لە تەکنەلۆژیادا پێشدەخات، ئەوەش دەبینم کە دەرئەنجامی ئەم پەیوەندییە، کاریگەریی لەسەر سووریا دەبێت."
هەرچەندە ئێران رەتیکردووەتەوە هاوکاری سەربازی بۆ رووسیا دابین کردبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا، بەڵام مانگی نیسانی 2023، بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، بێجگە لە دابینکردنی درۆن، "ئێران زیاتر لە 300 هەزار گوللەتۆپ و بە ملیۆنان فیشەکی بۆ مۆسکۆ دابینکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ