ئیبراهیم رەئیسی: رۆژئاوا لە مافی ژناندا دووفاقی دەکات

21-09-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، گوتارێکی پێشکێشکرد و وڵاتانی رۆژئاوای بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی "دووفاقی" لە پرسی مافی ژناندا تۆمەتبارکرد، لە کاتێکدا کە خۆپێشاندان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی چەندین پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. 
 
بە ئاماژە کردن بۆ گیانلەدەستدانی ژنانی هۆزە رەسەنەکانی کەنەدا و هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچە فەلەستینییەکان، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: وڵاتانی رۆژئاوا "دووفاقی" دەکەن و "سەرنج دەخەنە تەنیا سەر یەک لایەن، نەک هەموویان."
 
سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت، "تاوەکو ئەم دووفاقییە هەبێت، مافەکانی مرۆڤ سەلامەت نابن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان. ئەوەی کە لە سەرووی مافەکانی مرۆڤەوەیە، مافی وڵاتانە، کە لە لایەن هێزە خۆسەپێنەکانەوە بنپێ دەخرێن.
 
دوای گوتارەکەی رەئیسی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتاری خۆی لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكێشکرد و تێیدا پشتوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی دەربڕی. 
 
بایدن ژنانی ئێرانی بە "بوێر" ناوبرد و گوتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ.
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی لە وڵاتانی رۆژئاوا گرت و گوتی، رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، "ژمارەیەک هەڵوێستی جۆراجۆر"ی بە دوای خۆیدا هێناوە، "لە هەمان کاتدا بێدەنگیێکی تەواو بەرامبەر کوژرانی دەیان ژنی بێچارە لە یەکێک لە وڵاتە رۆژئاواییەکان هەیە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئێمە پشتیوانی هاووڵاتیانی بوێر و ژنانی بوێری ئێران دەکەین، کە لەم کاتەدا خۆپێشاندان دەکەن بۆ ئەوەی مافە سەرەتاییەکانیان بەدەستبێنن. لێرەدا شتێک هەیە کە من دەیزانم: ئایندە یەک شت دەبێت بۆ ئەو وڵاتانە کاتێک کە هەموو توانای شاراوەی دانیشتووانیان دەردەخەن بۆ ئەوەی ژنان و کچان مافی یەکسانیان هەبێت، لەوانەش لە مافەکانی منداڵخستنەوە و بەشداریکردن لە بەهێزکردنی ئابووری و دروستکردنی کۆمەڵگەی خۆڕاگرتر."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە