ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ رووداو: ئێران رێگەبدات، بە کەمتر لە ساڵێک پشکنینەکان تەواو دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر ئێران هاوکار بێت، دەتوانن بە چەند مانگێک پشکنینەکانیان لەو سێ شوێنە تەواو بکەن کە شوێنەواری یۆرانیۆمی پوختکراوی تێدا دۆزراوەتەوە. 
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی چوارشەممە، لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە مەجید گلی، پەیامنێری رووداو تێیدا بەشداربوو، گوتی، پرسەکانی نێوان ئێران و ئاژانسەکە پشتگوێ ناخرێن و پێویستە چارەسەر بکرێن. 
 
یەکێک لەو ناکۆکییانەی کە ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تاران هەیەتی ئەوەیە کە ئاژانسەکە پاشماوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە سێ شوێنی سەربازی دۆزیوەتەوە کە تاران پێشتر ئاشکرای نەکردبوو لەوێ چالاکیی ئەتۆمیی ئەنجامداوە. 
 
ئاژانسەکە داوای روونکردنەوەی لە تاران کردووە کە بۆچی ئەو یۆرانیۆمە لەو سێ شوێنە سەربازیە بووە لە کاتێکدا کە حکومەتی ئێران بەردەوام دەڵێت ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردنی کارەبا، کەلوپەلی پزیشکی و مەبەستە ئاشتییانەیەکانی دیکەیە نەک بۆمبی ئەتۆمی. 
 
تاران تاوەکو ئێستا رەتیکردووەتەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
 
وەکو مەرجێکیش بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، داوا دەکات ئاژانسەکە دەستبەرداری لێکۆڵینەوەکانی بێت لەسەر ئەو سێ شوێنە. 
 
بەڵام وڵاتانی رۆژئاوایی واژۆکاری رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 کە دوای کشانەوەی ئەمریکا لێی لە ساڵی 2018ـەوە پەکخراوە، پێیانوایە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسەکە هیچ پەیوەندیێکی بە دانوستاندنەکانەوە نییە و نابێت تێکەڵی یەکدی بکرێن. 
 
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردارە. ئێمە ئامادەین دووبارە لەگەڵ ئێران دەست بە کارکردن بکەینەوە."
 
گرۆسی هاوکات هیواشی خواست کە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبێتەوە. 
 
پەیامنێری رووداو پرسیاری لە گرۆسی کرد کە ئەگەر ئێران دەرگەیان بۆ بکاتەوە، ئاژانسەکەیان چەند کاتی دەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت پشکنینەکانی تەواوبکات، لە وەڵامدا بەڕێوەبەری ئاژانسەکە گوتی: "دیاریکردنی ماوەکە، زەحمەتە بۆ گوتن. چونکە پڕۆسەی روونکردنەوەی پرسیارەکان، ئاڵوگۆڕی تێدایە. ئێمە پرسیار دەکەین و وەڵام وەردەگرینەوە. دەمێنێتەوە سەر سرووشتی ئەو وەڵامانە کە ئایا پرسیاری زیاترمان دەبێت یان نا... ئەوەی کە ئێمە بڕوامان پێیەتی، ئەوەیە کە بە هاوکاربوونی تەواو و بە کرانەوە، ئەم کارە چەندین ساڵ ناخایێنێت، بەڵکو رەنگە چەند مانگێک بخایێنێت. بەڵام من زۆر پشتڕاستم کە دەتوانین روونکردنەوەمان دەستکەوێت لەسەر ئەوەی کە چی لەوێ روویداوە."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم:
 
رووداو: لەبارەی پرسی ئێران، بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی، ئەگەر ئێران دەرگەکانی بۆ ئێوە بکاتەوە بۆ ئەوەی سێ شوێنەکە بپشکن، چەند کاتی دەوێت تاوەکو ئاژانسەکەتان بتوانێت بزانێت ئەو پاشماوەی یۆرانیۆمە چییە و چی بەسەر هاتووە؟ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە؟ ئایا هیچ رێبازێکی لێکۆڵینەوە هەیە بۆ ئەوەی پشتڕاستبکرێتەوە کە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران وەکو خۆیان دەڵێن 100٪ ئاشتییانەیە؟ 
 
رافایل گرۆسی: قورسە ماوەکە دیاریبکرێت. چونکە پرۆسەی روونکردنەوەی پرسیارەکان، ئاڵوگۆڕی تێدایە. ئێمە پرسیار دەکەین و وەڵام وەردەگرینەوە. دەکەوێتە سەر سرووشتی ئەو وەڵامانە کە ئایا پرسیاری زیاترمان دەبێت یان نا. ئەگەر ئێستا پێت بڵێم هیوادارین بتوانین سێ هەفتەی دیکە بتوانین بەو ئامانجە بگەین، رەنگە ماوەکە هەندێک دەستکرد بێت. چونکە شتەکە بەندە بە هاوکاربوونەوە. لە هەمان کاتدا نامەوێت بێ بیرۆکە بتانهێڵمەوە. ئەوەی کە ئێمە بڕوامان پێیەتی، ئەوەیە کە بە هاوکاربوونی تەواو و بە کرانەوە، ئەم کارە چەندین ساڵ ناخایێنێت، بەڵکو رەنگە چەند مانگێک بخایێنێت. بەڵام من زۆر پشتڕاستم کە دەتوانین روونکردنەوەمان دەستکەوێت لەسەر ئەوەی کە چی لەوێ روویداوە.