رەئیسی لە بەردەم کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەگکرتووەکان وێنەی قاسم سولەیمانی بەرزدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی چوارشەممە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، وێنەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی کوژراوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی بەرزکردەوە و بە توندی سەرکۆنەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای کرد کە لە 03/01/2020 لە سەر فەرمانی ئەو، لە هێرشێکی درۆنیدا، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا. 
 
رەئیسی گوتی ئەوەی ترەمپ کردی "تاوانێکە" و پێویستە لەسەری سزابدرێت. رەئیسی، قاسم سولەیمانیی بە "پیاوی ئازادیخواز" کە لەسەر دەستی ترەمپ "شەهیدبوو" ناوبرد. 
 
ئەگەرچی ناوی ترەمپی نەهێنا، سەرۆک کۆماری ئێران گوتی: "سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانەکەی واژۆکردووە" کە ئەوە "تاوانێکی قێزەون، تاوانێکی نایاسایی و تاوانێکی بەدڕەوشت بوو." گوتیشی واز لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ناهێنن تاوەکو "دادپەروەری" بەدیدەهێنرێت. 
 
لەو بارەیەوە، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "گەڕان بە دوای دادپەروەریدا دژی ئەو تاوانەی کە سەرۆکی ئەمریکا بە واژۆکردنەکەی ئەنجامیدا، وازی لێ ناهێنرێت. ئێمە لە رێگەی دادگەیەکی دادپەروەرانەوە هەوڵدەدەین کە دادپەروەری بەسەر ئەوانەدا بچەسپێنین کە ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانیی خۆشەویستی کوشتین."
 
یەک رۆژ دوای هێرشە درۆنییەکە، ترەمپ گوتی ژەنەڕاڵە ئێرانییەکە "لە نێوەڕاستی ئەنجامدانی پیلانگێڕیێکی مسۆگەر و هێرشی دڕندە دژی دیپلۆمات و هێزەکانی ئەمریکادا گیراوە و لەنێوبراوە."
 
هەروەها سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەرپرسیارێتیی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی بەغدا، خستە ئەستۆی سولەیمانی. 
 
دواتر هێزەکانی ئێران بە هێرشێکی مووشەکی بالیستی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەڵامیاندایەوە.