هاوژینەکەی: کامالا هاریس بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئامادەیە


رووداو دیجیتاڵ

هاوژینی کامالا هاریس لە کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان وەسفی کامالای کرد و گوتی: "بە رێکەوت یەکمان ناسی و بووە زڕدایکی منداڵەکانم، ئێستا ئەو بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئامادەیە."
 
رۆژی چوارشەممە، 21-08-2024، [شەوی سێشەممە بە کاتی شیکاگۆ]، دەگ ئێمهۆف، هاوژینی کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە دووەم رۆژی کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی دیموکرات گوتی: "کامالا، خۆشمدەوێی و زۆر سەربەرزم پێت." 
 
ئێمهۆف باسی چیرۆکی یەکترناسینی خۆی و کامالای کرد و گوتی: "بە رێکەوت یەکمان ناسی، ژیانی هاوژینیمان پێکهێنا و ئەو بووە زڕدایکی منداڵاکانم. ئێستا ئەو ئامادەیە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا."
 
کامالا هاریسیش لەکاتی گەڕانەوە لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی ویسکۆنسن، لە نێو فڕۆکە وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە خەریکی سەیرکردنی گوتاری هاوژینەکەیەتی و نووسی: "دەگی، خۆشمدەوێی."
 
دەگ رایگەیاند، ئەوان لە رێگەی کەسێکی دیکەوە بەیەکتر ناسێندراون، بۆ رۆژی دواتر نامەیەکی دەنگی بۆ هاریس ناردووە و گوتوویەتی: "سڵاو، من دەگم." ساڵی دواتر هاوسەرگیرییان کردووە و ئێستاش لە هەموو یادێکی رۆژی هاوسەرگیرییان کامالا هاریس گوێ لەو نامە دەنگییە دەگرێتەوە."
 
کاتێک دەگ و کامالا هاوسەرگیرییان کرد، دەگ باوکی دوو منداڵ بوو بەناوەکانی (کۆڵ و ئێلا). دەگ گوتی: "منداڵەکانم بە مۆمالا بانگی کامالا دەکەن." مۆمالا وشەیەکە لە (مەم واتە دایک) و (کامالا) پێکهاتووە.
 
هاریس و دەگ لە 22-08-2014 ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و ئێستا خاوەنی هەشت ملیۆن دۆلارن. دەگ جووە و هاریس کریستیانە.