رووسیا هۆشداری دەداتە دانیمارک لە پێدانی فڕۆکەی F-16 بە ئۆکراینا

 
رووداو دیجیتاڵ 

رووسیا هۆشداری دەداتە دانیمارک لە رادەستکردنی فڕۆکەی ئێف-16 بە ئۆکراینا و بە "هەڵکشانی ململانێکان" ناوی دەبات. 
 
رۆژی دووشەممە، 21-8-2023، ڤلادیمیر باربین، باڵیۆزی رووسیا لە کۆپینهاگن گوتی: "بڕیاری دانیمارک بە رادەستکردنی 19 فڕۆکەی ئێف-16 بە ئۆکراینا هەڵکشانێكی مەترسیداری ململانێکانە."
 
بڕیارەکەی دانیمارک لە دوای سەردانەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بۆ ئەو وڵاتە هات، کە تێیدا کۆپینهاگن بەڵێنی دا 19 فڕۆکەی ئێف-16 بداتە کیێڤ، شەشیان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و هەشتیان ساڵی 2024 و پێنجیان لە ساڵی 2025.

 

 

 

باڵیۆزی رووسیا گوتی: "دانیمارک بەو کارەی دەرفەتی ئاشتی ناهێڵێتەوە و هیچ بژارەیەک بۆ کیێڤ جێناهێڵێت بۆ گرتنەبەری رێگەی ئاشتی، گەلی ئۆکراینا بەرەو هەڵدێر دەبات و دەیکاتە قوربانی".
 
بڕیارەکەی دانیمارک دوای هەڵکردنی چرای سەوزی ئیدارەی بایدن بوو کە رۆژی هەینی، 18ی ئەم مانگە  رێگەی بە دانیمارک و هۆڵەندا دا فڕۆکەی ئێف-16 بدەنە ئۆکراینا.