رووداو دیجیتاڵ
پارکی نیشتمانیی دۆڵی مەرگ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا بەهۆی کاریگەرییەکانی زریانی هیلارییەوە داخراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بارانبارین لەو ناوچەیەی دوو هەفتە لەمەوبەر 56 پلەی سیلیزی تۆمارکرد، بووە هۆی دروستبوونی جۆگەلە.
مایکڵ برێنن، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی زریانەکان دەڵێت، "نیگەرانییەکانمان بەردەوامن لەوەی ئەگەری دروستبوونی شەپۆلێکی لافاوی مەترسیدار هەیە و رەنگە کارەساتی لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کالیفۆرنیا."
زریانەکە گەیشتوەتە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، نێڤادا و ئۆریگن؛ بووەتە هۆی راگرتنی زیاتر لە هەزار گەشتی ئاسمانی و دواخستنی نزیکەی پێنج هەزاری دیکە؛ کاریگەرییەکەی لەسەر کالیفۆرنیا زیاتر دەرکەوتووە و بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای نزیکەی 30 هەزار کەس.
ئاژانسی کەشناسیی ئەمریکا پێشبینیکردووە، زریانی هیلاری 15 بۆ 25 سانتیمەتر باران لەگەڵ خۆی ببارێنێت.
کایرن باس، سەرۆک شارەوانی لۆس ئەنجلیسە و دەڵێت، "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دانیشتووانی شارەکەمان، بەدرێژایی کاتەکە کاریان کردووە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەم زریانە. پەیامەکەمان روونە: خۆت بپارێزە، لەماڵەوە بمێنەرەوە و چاوەڕێی زانیاری نوێ بکە."
پێش ئەوەی بگاتە ئەمریکا، زریانەکە گەیشتە مەکسیک و لەوێ زیانێکی زۆری بە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای مەکسیک گەیاند و کەسێکیش گیانی لەدەستدا و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ