دوو هەرێمی ئەڵمانیا لە گفتوگۆدان بۆ زیادکردنی ئایینی ئێزدی بۆ پرۆگرامی خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین رەوەندی کوردی ئێزدیی تێیدا نیشتەجێیە و، سەرەتای ئەمساڵ پەرلەمانی ئەو وڵاتە تاوانەکانی داعشی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند، ئێستاش کوردانی ئێزدیی نیشتەجێی ئەڵمانیا داوا دەکەن لە قوتابخانەکان، ئایینەکەیان وەک وانەیەکی بژاردە بخوێنرێت.
شێخ سدیق، کوردێکی ئێزدییە و خاوەنی هەشت منداڵە و ماوەی 14 ساڵە لە شاری گیسنی ئەڵمانیا دەژین. ماڵی شێخ سدیق بە سیمبوولی ئایینەکەیان و تاوس مەلەک رازێنراوەتەوە. شێخ سیدق داوادەکات ئایینەکەی هاوشێوەی ئایینەکانی دیکە لە ئەڵمانیا بخوێنرێت.
شێخ سديق دەڵێ ''دەخوازین دەست بە خوێندنی ئایینەکەمان بکرێت لە کۆلێژ و پەیمانگەکاندا، تاوەکو بزانن ژیانمان چۆنە و چۆن بووە، بۆ ئەوەی بۆ بەرامبەرەکەمانی روونبکەینەوە و بزانن ئێمە ئێزدین و چۆن هاتووین، بەڕاسی ئەمە زۆر گرنگە."
نووژینی کچی شێخ سدیق تەمەنی 18 ساڵە و خوێندکارە. ئەو دەڵێ لە قوتابخانە زۆرجار نەیگوتووە ئێزدییە، چونکە ترساوە و داوا دەکات چیدیکە ئەو دۆخە بەردەوام نەبێت.
نووژین سديق گوتی "دەترسم بڵێم ئێزدیم، چونکە زۆر کەس نازانن ئێزدی چییە. دەمانەوێت قوتابخانەی ئێزدییان هەبێت تاوەکو زۆر کەس بزانن ئێزدی کێن و چییە. ئێستا کە بە کەسێک بڵێم 'من ئێزدیم.' نازانێ چییە."
پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا کە کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە جینۆدساید ناساند، یەکێک لە خاڵەکانی ناساندنی خوێندن و لێکۆڵینەوەی زانستییە لەبارەی ئایین و جینۆسیادی کوردانی ئێزدی لە زانکۆ و قوتابخانەکاندا.
د. ئیرفان ئۆرتاج، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئێزدیان لە ئەڵمانیا دەڵێ هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا دەستیپێبکرێت. زانیاریی لەبارەی ئێزدییان کە مەبەستمان ئایین و گرنگترین شتیش مێژووە، مێژووی جینۆساید بخوێنرێت و ئەو قوتابییانەی تەواوی دەکەن، دەبنە پسپۆڕ لە ئێزدیێتیدا، دواتر دەتوانن لە قوتابخانەکانی ئەڵمانیادا وانەی ئێزدیاتی و کورمانجی بدەنە منداڵانی ئێزدیان.
ئەڵمانیا سێکۆلارە و خوێندنی ئایینی زۆرەملێی نییە، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی دەخوازن بابەتی ئایینی بخوێنن، لە ناوەندەکانی خوێندندا وانەی بژاردە بەردەستە، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەی لەو وڵاتەشدا کۆچبەرن. دایک و باوک لەگەڵ خوێندکارەکان بڕیاردەدەن وانەی ئایین و ئیتیک بخوێنن.
سەمینا، خوێندکاری زانکۆیە و لەبارەی خوێندنی پرۆگرامی تایبەت بە ئایین و مێژووی کوردانی ئێزدی دەڵێ "من، بە کارێکی زۆر باشی دەزانم، کە ئامانج ئەوەیە لە قوتابخانەکان ئەو خوێندکارانەی سەر بە ئایینی دیکەن بە ئایینی ئێزدی ئاشنابن، چونکە ژمارەی ئێزدییەکان لێرە زۆرە. بەڕاستی زۆرجار بینیومە کە ئێزدییەکان ناوێرن بڵێن 'ئێزدین.' لەبەر ئەو هۆکارە، لام گرنگە هەموو خوێدنکارێک بزانێت ئایینی ئێزدی چییە، کە ئەویش ئایینێکە هاوشێوەی هەموو ئایینەکانی دیکە".
هاوڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانی بەناوی زاشا برینکەر سەبارەت بە خوێندنی ئایینی ئێزدی بۆ رووداو قسە دەکات و دەڵێ "بۆ نا، چۆن هەموو ئاشنادەکرێین بە ئایینی مەسیحی و ئیسلام، با سەبارەت بە ئایینی ئێزدییش بزانین، زانیاریمان هەبێت ئەو کاتە بە چاوێکی دیکە تەماشایان دەکەین و لێیان تێدەگەین. بۆ من، هیچ جیاوازییەک نییە، هەموومان مرۆڤین، ئیدی موسڵمان بێت یان مەسیحی یان پەیڕەوی هەر ئایینێکی دیکە."
تائێستا دوو هەرێمی ئەڵمانیا (راینلاند ڤالس و هەرێی هێسن) لەبارەی زیادکردنی ئایینی ئێزدی بۆ پرۆگرامی خوێندن، لە گفتوگۆدان.