دیموکراتەکانی ئەمریکا لەنێوان پێداگریی بایدن و مەترسیی دۆڕانی هەڵبژاردن گیریان خواردووە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
لهۆن نەسرەدین
36 کۆنگرێسمانی دیموکرات داوای کشانەوەی بایدنیان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کردووە
36 کۆنگرێسمانی دیموکرات داوای کشانەوەی بایدنیان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە هەمان وزە و جۆشوخرۆش و بە بۆینباخە سوورەکەیەوە، جارێكی دیکە ترەمپ گەڕایەوە سەر سەکۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی. 
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی "شتێک هەیە کە ئەوان لە کاتی کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان رووبەڕووی دەبنەوە، ئەویش ئەوەیە نازانن کێ بەربژێریانە، هەروەها ئێمەش نازانین. ئەوە کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام سەیرە؛ بایدنی پیر و لاواز براوەی دەنگی هەڵبژاردنە بەراییەکانە، کەچی دەیانەوێت ئەو دەنگانەی لێ زەوت بکەن. ئەوە دیموکراسییە، ئەوان باسی دیموکراسیش دەکەن."
 
تاوەکو ئێستا 36 کۆنگرێسمانی دیموکرات، کە 4ـیان سیناتۆرن، داوای کشانەوەی بایدنیان لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کردووە. نزیکەی سێ هەفتەشە زیاتر لە 90 ملیۆن دۆلار لە پارەی کۆمەکبەخشان بۆ بانگەشەی بایدن سڕکراوە.
 
لیندی لی، لایەنگری دیموکراتەکانە و ستراتیژیدانەرە، دەڵێ "راپرسییەکان دەبینم و قسەش لەگەڵ کۆمەکبەخشانی بانگەشەکەی بایدن دەکەم، دەبینم کە لە رەوشێكی زۆر هەستیاردان. لە هەر سێ ویلایەتی پێنسلڤانیا، میشیگن و ویسکۆنسن لایەنگرانی بایدن کەمبوونەتەوە. بەداخەوە ئەمە کێشەی پارتی دیموکرات نییە، بەڵکو کێشەکە پەیوەندیی بە جۆ بایدن خۆیەوە هەیە." 
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا سەرجەم ئەو رەخنانەی لە تەمەن و تواناکانی دەگیرێن، رەتدەکاتەوە.
 
بایدن دەڵێ "ئێستا خەڵک دەڵێت، باشە دیبەیتەکە کێشەیەک بوو و کۆتایی هات، بەڵام تەمەنی ئەو 81 ساڵە. چی دەبێت کە بووە 84 ؟ چی دەبێت کە بووە 85؟ ئەو کاتە ژیرترم. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن هۆشیاریش زیاتر دەبێت. نێوان راست و درۆ جیا دەکەمەوە، جیاوازیی نێوان باش و خراپ دەزانم، دەشزانم کە چی دەبێت بکرێت".
 
دیان فۆرست، میوزیکژەنێكی تەمەن 90 ساڵە و یەکێكە لەو 30٪ـیەی کە لە راپرسییەکی نوێدا دەرکەوتووە، هێشتا پشتگیری لە بایدن دەکەن.
 
دیان دەڵێ "تەمەنم 90 ساڵ و دوو هەفتەیە، خەڵک پێیانوایە لەبەرئەوەی پیریت هیچ بەهایەکت نییە، بەو جۆرەش تەماشای بایدن دەکەن، راستە ئەو پیرە بەڵام لە بەرامبەردا زیرەکە، دەمی تەتەڵە دەکات، بەڵام هێشتا هەمان کەسە و توانای لەدەستنەداوە."
 
پێچەوانەی فۆریست، هارێت کۆهێنی تەمەن 91 ساڵ کە هێشتا کاری پارێزەری دەکات؛ دەڵێت، دەبێت بایدن وازبێنێت. 
 
ئەو باس لەوە دەکات "تەمەنم 91 ساڵە، هەست دەکەم 51 ساڵم. توانای جەستە و هۆشم لەدەستنەداوە، بایدن زۆر لە من گەنجترە، بەڵام بەداخەوە لە رووی تەندرووستییەوە هیچ باش نییە؛ بۆیە باشتر وایە وازبێنێت."
 
لە پشت دەرگا داخراوەکانی پارتی دیموکرات؛ زۆر باس لە کامالا هاریس وەک جێگرەوەی بایدن دەکرێت. گەرچی هاریس بەردەوامە لە پشتگیریکردنی بایدن و خۆی لە چوارچێوەی جێگری سەرۆک بانگەشەکانی دەکات.
 
دەیان کەس درووشمی "بایدن بکشێرەوە"ـیان لەبەردەم کۆشکی سپی بەرزکردووەتەوە و، دەڵێن "خۆشمان دەوێیت، بەڵام کاتی هاتووە مەشخەڵەکە رادەستی کەسێکی دیکە بکەیت." چاوەڕوانیش دەکرێت گردبوونەوەی لەمشێوەیە زیاتر ببن. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە