پزیشکەکەی پێشووی: ترەمپ پێویستی بە پشکنینی بیستنە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پزیشکی پێشووی کۆشکی سپی لەبارەی برینی گوێی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، گوللەکە چارەکە ئینجێک لە چوونە ژوورەوەی سەری دوور بووە. برینی ترەمپ دوو سانتیمەتر قووڵە و زیان بە کڕکڕاگەی گوێی کەوتووە.
 
رۆژی یەکشەممە 21-07-2024 رۆنی جاکسن، پزیشکی پێشووی کۆشکی سپی چەند زانیارییەکی لەسەر برینی گوێی دۆناڵد ترەمپ، دوای تەقەکردن لێی، ئاشکراکرد.
 
جاکسن رایگەیاند دوای تەقەکردنەکە، چووەتە ویلایەتی نیو جێرسی بۆ ئەوەی تیماری گوێی ترەمپ بکات و گوتی "گوللەکە تەنیا چارەکە ئینجێک لە چوونە ژوورەوەی سەری ترەمپ دووربووە و برینێکی دوو سانتیمەتری لە گوێی ترەمپ بەجێهێشتووە."
 
رۆژی 13-07-2024، لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پێنسلڤانیای ئەمریکا، ترەمپ لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا قسەی بۆ لایەنگرەکانی دەکرد، کاتێک کەسێک بە نیشانەشکێن تەقەی لێ کرد و گوێی بریندار کرد. لە رووداوەکەدا جگە لە ترەمپ، دوو کەس بریندار بوون، کەسێک کوژرا و دواتر تەقەکەرەکەش کوژرا.
 
پزیشکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی راشیگەیاند "گوللەکە کڕکڕاگەی گوێی ترەمپی بڕیوە، دوای ئەوەی خوێنی زۆری لێ رۆیشتووە، گوێی ئاوساوە؛ بەڵام ئێستا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە و دۆناڵد ترەمپ پێویستی بە پشکنینی بیستن دەبێت."
 
رۆنی جاکسن ئێستا نوێنەری ویلایەتی تێکساسە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا. لە ساڵی 2013 تاوەکو 2019، لەماوەی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشکی سەرۆکی ئەمریکا بووە و لە کۆشکی سپی کاریکردووە. رۆنی جاکسن لە ساڵی 1995ـەوە لە هێزی دەریایی ئەمریکا بوو، ساڵی پار خانەنشین بوو. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە