رووداو دیجیتاڵ
کامالا هاریس، بەربژێری چاوەڕوانکراوی دیموکراتەکان و جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە دەکات و سوپاسی پشتگیریی بایدن دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی تەممووزی 2024، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی جۆ بایدن لە بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە پۆستێکی ئێکس دا گوتی: "بەناوی گەلی ئەمریکاوە، سوپاسی جۆ بایدن دەکەم بۆ ئەو سەرکردایەتییە سەرنجڕاکێشەی لە پۆستی سەرۆکی ئەمریکا و خزمەتی دەیان ساڵەی بۆ وڵاتەکەمان."
کامالا هاریس ئاماژەی بەوەش کرد: "شانازی بە پاڵپشتیی سەرۆکەوە دەکەم و ئامانجمە بەربژێربوون بەدەستبهێنم و هەڵبژاردنەکە ببەمەوە."
ئەو گوتانەی کامالا دوای ئەوە هاتن کە بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هاریس دەربڕی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، هەموو کارێک دەکات کە لە توانای دابێت بۆ یەکگرتوویی پارتی دیموکراتەکان و گەلی ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەمان پۆست بکات. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "107 رۆژمان بۆ هەڵبژاردن ماوە. بەیەکەوە، دەجەنگین و بەیەکەوەش دەیبەینەوە."
کێ دەبێتە بەربژێری دیموکراتەکان؟
هێشتا بە فەرمی بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دیارینەکراوە. لەو بارەیەوە جەیمی هاریسۆن، سەرۆکی کۆمیتەی نیشتمانیی دیموکراتەکان بڵاویکردەوە: "لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتەکەمان پرۆسەیەکی روون و رێکوپێک دەگرێتە ئەستۆ بۆ ئەوەی وەک پارتی دیموکراتی یەکگرتوو بەردەوام بێت لەگەڵ بەربژێرێک کە بتوانێت لە مانگی تشرینی دووەم دۆناڵد ترەمپ شکست بهێنێت."
پێشبینییەکان بۆ ئەوەن کە دیموکراتەکان نێوەڕاستی مانگی ئاب بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکلابکەنەوە.
دێن فلیپس، کامالا هاریس، گاڤین نیوسم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆنیا و گرێجن ویتمێر، حاکمی ویلایەتی میشیگن دیاریترین ئەو کەسانەن بۆ بوونە بەربژێری دیموکراتەکان.
دوای کشانەوەی بایدن لە بەربژێربوون، دیاریرترین کەسایەتی سیاسی کە زۆرترین سەرکردەی دیموکراتەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ بوونە بەربژێر و پاڵپشتی کردنی بۆ دەربڕیبێت کامالا هاریس بووە.
بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە: "پاڵپشتیی کامالا هاریس، جێگری سەرۆک دەکەین و هەموو کارێکیش بۆ سەرکەوتنی دەکەین."
بە گوێرەی دوایین شەش راپرسی کە لەنێوان هاریس و ترەمپدا کراون بە تێکڕا بەربژێری کۆمارییەکان 48٪ی دەنگەکان و بەربژێری دیموکراتەکانیش 47٪ی دەنگەکان دەبەنەوە.
کامالا هاریس کێیە؟
کامالا هاریس لە دایکبووی ساڵی 1964ـە و لە ساڵی 2021ـەوە جێگری سەرۆکی ئەمریکایە. ئەو یەکەمین ژنە لە مێژووی ئەمریکادا ئەو پۆستەی هەبووبێت و یەکەمین جێگری سەرۆکی ئەمریکایە کە لە باوکێکی جامایکی-ئەمریکی و دایکێکی هیندی-ئەمریکی بووبێت.
ساڵانی 2011 بۆ 2017 کامالا حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا بووە و لە 2017 تاوەکو 2020یش ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ