ترەمپ لە یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردن دوای تەقەکردنەکە: لەبەر دیموکراسی گوللەم بەرکەوت

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دوای هەفتەیەک لە تەقەکردن لێ و بریندارکردنی، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد و گوتی "من، مەترسی نیم بۆ سەر دیموکراسی. لەبەر دیموکراسی گوللـەم بەرکەوت." 
 
ترەمپ گوتیشی ئەوان راپرسییەک دەکەن و پرسیار لە خەڵک دەکەن 'کێ بەربژێری دڵخوازتە؟ کامالا هاریس یان جۆ بایدنی لەڕ و لاواز؟'
 
رۆژی شەممە 21-07-2024، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری فەرمیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، دوای هەفتەیەک لە رووداوی تەقەکردن لێی، یەکەم بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد.
 
ترەمپ لە شاری گراند راپیدز لە ویلایەتی میشیگن لەبەرامبەر لایەنگرانی دەرکەوت. لە دەستپێکی گوتارەکەیدا، باسی رووداوی تەقەکردنەکەی کرد و گوتی "رێک یەک هەفتە لەمەوبەربوو، لە هەمان رۆژ و تەنانەت لە هەمان کاژێر و خولەکی وەک ئێستا، تەقەم لێکرا."
 
ترەمپی 78 ساڵ دووبارە سوپاسی خوای کرد و گوتی ئەگەر بەزەیی ئەو نەبووایە، ئەو نەدەبوو لەوێ بێت. 
 
رۆژی شەممە، 13-07-2024، ترەمپ لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا تەقەی لێکرا و گوێی بریندار بوو. جگە لە خۆی، دوو کەس بریندار بوون و کەسێکی دیکەش کوژرا. دواتریش تەقەکەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.  
 
ترەمپ زیاتر باسی تەقەکردنەکەی کرد و گوتی "من، خەریک بووم بە دەست ئاماژەم بۆ نیشانەیەکی سەر شەقامی تایبەت بە سنوور و کۆچبەران دەکرد، لەوکاتەدا سەرم بۆ نیشانەکە سووڕاند و تەقەم لێکرا؛ بۆیە گوللـەکە لەبری ئەوەی بە سەرم بکەوێت، گوێچکەمی پێکا." ترەمپ باسی ئەوەشی کرد "من، بە ژیانی خۆم قەرزاری کۆچکردن و کۆچبەرانم." 
 
دۆناڵد ترەمپ بە لایەنگرانی گوت "راپرسییەک دەکەین و دەپرسین بەربژێری دڵخوازت کێیە؟ پێت خۆشە کێ بێت؟ دەتەوێت بەربژێرەکەت لە دژی کێ بێت؟ ئێمە لە کامالا هاریسەوە دەستپێدەکەین و بەردەوام دەبین. دواتر باسی جۆ بایدنی لەڕ و لار دەکەین."
 
بەربژێری کۆمارییەکان گوتی، ئەو نەبووەتە مەترسیی بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکا، بەڵکو لەبەر دیموکراسی گوللـەی بەرکەوتووە.
 
لە کۆنگرەی نیشتمانیی کۆمارییەکاندا، دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی و بە زۆرینەی دەنگ بووە بەربژێری ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دواتریش ترەمپ سیناتۆری ویلایەتی ئۆهایۆ، جەیمس ڤانس ـی وەکو جێگری داهاتووی خۆی دیاریکرد. 
 
دەستنیشانکردنی ڤانس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەری ویلایەتی ئۆهایۆیە، ئەو ویلایەتەش بە یەكێک لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان دادەنرێت و جەیمس ڤانسیش لایەنگرێکی زۆری لەو ویلایەتەدا هەیە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ترەمپ ئەو 1215 دەنگەی نوێنەرانی ویلایەتەکانی ئەمریکای بەدەستهێنا، کە پێویست بوو بۆ بوونە بەربژێری پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا؛ بڕیارە لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.