لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە بۆلیڤیا 22 کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر سنووری بۆلیڤیا و چیلی لە ئەمریکای لاتین، بارهەڵگرێک و پاسێک پێکیاندا دا و بەهۆیەوە 22 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
پۆلیس دەڵێت، بارهەڵگرەکە ویستوویەتی بە پێش ئۆتۆمبێلێک بکەوێتەوە، بەڵام کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی بەرامبەر.
 
رۆژی یەکشەممە 21-07-2024، پۆلیسی بۆلیڤیا لە ئەمریکای باشوور رایگەیاند "لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان بارهەڵگرێک و پاسێک، 22 کەس گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش بریندار بوون."
 
بەگوتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، ئەمە خوێناویترین رووداوی هاتووچۆی ئەمساڵی وڵاتەکە بووە و تاوەکو ئێستا تەرمی 14 کەسیان ناسیوەتەوە. بەرپرسانی ناوخۆی بۆلیڤیا ئاماژەیان بەوەش داوە هەردوو شوفێرەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
پۆلیس راشیگەیاند، رووداوەکە لەسەر سنووری نێوان بۆلیڤیا و چیلی بووە، پاسەکە بە ئاراستەی چیلی رۆیشتووە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە بارهەڵگرەکە ویستوویەتی پێش ئۆتۆمبێلێک بکەوێتەوە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە سایدی بەرامبەر.
 
نیلۆ تۆریکۆ، ئەفسەر لە پۆلیسی هاتووچۆ گوتی "ئەو پێشکەوتنەوەیەی بارهەڵگرەکە ویستوویەتی بیکات، بەگوێرەی یاساکانی هاتووچۆ قەدەخە بووە، لە ئەنجامدا ئەم رووداوە خەمناکەی لێکەوتەوە."
 
بەپێی داتا فەرمییەکان، ساڵانە لە بۆلیڤیا نزیکەی 1400 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن. بەگوێرەی حکومەتی ئەو وڵاتە، زۆربەی رووداوەکان بەهۆی خراپیی ئۆتۆمبێلەکان و شێوازی لێخوڕینەوەن.