رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەوروپا گڵۆپی سەوزی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵکرد، ئەویش بە دوو مەرج؛ چارەسەکردنی پرسی قوبرس و کۆتاییهێنان بە "پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ".
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، رایگەیاند، "پێمانوایە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا".
بۆرێل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەدا، "گفتوگۆمان کرد کە چۆن دەتوانین پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دابمەزرێنینەوە. پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا پەیوەستە بە هەنگاوەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە پرسی قوبرس و مافەکانی مرۆڤ".
بۆرێل گوتی، "چارەسەرکردنی پرسی قوبرس لە چوارچێوەی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ تورکیا".
ئاماژەی بەوەشدا، "پاراستنی ئازادی و بەها بنەڕەتییەکانیش کە لە پەیماننامەی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دیاریکراون و ئەنقەرەش بەشێکە لێی، زۆر گرنگ دەبێت".
دانوستاندنەکانی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا کە ئەنقەرە ماوەی 24 ساڵە بە فەرمی بەربژێرە، بەهۆی نیگەرانییەکان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و رێزنەگرتن لە سەروەریی یاسا، لە ساڵی 2016ـەوە وەستاون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ